کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەری و ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد

18:09 - 16 بانەمەڕ 2723

چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەحمەد غوڵامی" و "ڕەسووڵ عوبەیدی" خەڵکی گوندی "سیوچ" سەر بە شاری بانە، پاش دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە، ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی ''کوردپا''، ئەو دوو هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان، هیچ زانییارییەک لەمەڕ چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی بانەمەڕ، هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە بانە بۆ دەسبەسەرکردنی ئەحمەد غوڵامی، وانەبێژی زمانی کوردی، گەمارۆی  زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوبراویان دابوو و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردبوو.

هێزەکانی ڕێژیم لە کاتی هێرشکردنە سەر ماڵی ئەحمەد غوڵامی، دەستیان بەسەر ماشینەکەی، ماتۆڕەکەی و هەندێک کەرەستەی تاکەکەسیی ناوبراودا گرتووە. ئەحمەد غوڵامی خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.

هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، هێزەکانی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی "ڕەسووڵ عوبەیدی" خەڵکی گوندی "سیوچـ"ـی بانە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر هەندێک کەرەستەی تاکەکەسیی ناوبراویشدا گرتبوو.

ڕەسووڵ عوبەیدی خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و پێشتریش بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دابوو.