کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی خۆکوژیی لاوێکی خەڵکی مەریوان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە

10:01 - 17 بانەمەڕ 2723

ئاروین نیک‌پەی، لاوی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی شاری مەریوان کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادیـ"ـدا دەسبەسەر کرابوو، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە هەوڵی خۆکوشتنی دا.

بەپێی ڕاپۆرتی "چاو نیوز"، ڕۆژی شەممە ١۶ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئاروین نیک‌پەی، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "نێـ"ـی سەر بە شاری مەریوان، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە هەوڵی خۆکوشتنی دا و بە ئامبوڵانس بۆ نەخۆشخانەی فەجری مەریوان گواستراوەتەوە.

"چاو نیوز" ڕایگەیاند کە ئاروین نیک‌پەی بە خواردنی شامپۆ و لێدانی تێخ لە دەستی هەوڵی خۆکوژیی داوە.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر تەندروستیی ئەو لاوە لەبەر دەستدا نییە.

ئاروین نیک‌پەی، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "نێ"، ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی لە شاری مەریوان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو لاوە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوە ماوەی دەسبەسەرکرانی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری مەریوان بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کرایەوە.