کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی سێ حیزبی کوردستانی و ئێرانی لەگەڵ چوار فراكسیۆنی پارلمانی ئاڵمان

10:55 - 17 بانەمەڕ 2723

نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی چەپی فیداییان، لەگەڵ چوار فراکسیۆنی پارلمانی نۆردراین وستفاڵان لە وڵاتی ئاڵمان، چاوپێکەوتنیان کرد.

ڕۆژی هەینی ١٥ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، هەیئەتێکی هاوبەشی حیزبی دێموکرات، کۆمەڵە و حیزبی چەپی فیداییان، پێکهاتوو لە: سوڵتان گوڵاوی، بەرپرسی بەشی پێوەندییەكانی حیزبی دێموکرات، محەممەد تورجان و بەكر لەگزی لە كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و محەممەد خادملوو و خاتوو ونویشا جی ناک لە حیزبی چەپ، لەگەڵ چوار فراکسیۆنی پارلمانی ئاڵمان کۆ بوونەوە.

لەو چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی هەر سێ حیزبەکە باسێکیان سەبارەت بە دۆخی هەنووكەیی ئێران، شۆڕشی ژینا و فۆرمی نوێی خەبات لە كوردستانەوە تا بەلووچستان، مانگرتنی كرێكاران و مامۆستایانی قوتابخانەكان پێشکەش کرد.

هەروەها نوێنەرایەتیی ئەو سێ حیزبە لە درێژەی باسەکەیاندا، باسیان لەسەر هێرشە کیمیاییە یەک بەدوای یەكەكانی دەستوپێوەندییەکانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر قوتابخانەكانی كچان و هەروەها مووشەکبارانی بنكە و بارەگاكانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان کرد.

بەشدارانی ئەو چوار فراکسیۆنەی ئاڵمان بریتی بوون لە: بەرپرسی كۆمیسیونی پارلمانی هەریمی نۆردراین وستفاڵان بۆ كاروباری ئورووپا و ئینترناسیۆناڵ؛ دوكتور وەیرنا فایل، وەتەبێژی حیزبی لیبراڵ لەو كۆمیسیۆنە؛ خاتوو پڵانسكای ودیتمارپانسكە، لە حیزبی سوسیال- مەسیح و ئەندام پارلمانی هەرێمی نۆردراین وستفاڵان؛ خاتوو كەڵاودیا كیرش و خاتوو بلاسک لە حیزبی سوسیال- دێموكرات؛ خاتوو بێریڤان ئایماز و خاتوونی پارلمانتار كەنۆل و ئیڵادا بۆستانسیری، وتەبێژی بەشی ژنانی حیزبی سەوز ."

ئەندامانی چوار فراكسیونی نۆردراین وستفاڵان، وێڕای پشتیوانییان لە شۆڕشی ژینا و مەحكومكردنی سەركوت و زیندانیكردنی شۆڕشگێڕان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، دژایەتیی خۆیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیاند.

هەروەها پشتیوانیی خۆیان بۆ حكوومەتێكی سێكۆلار و دێموكرات لە ئێران كە هەموو نەتەوەكان خۆیانی تێدا ببیننەوە ڕاگەیاند و لەسەر سازكردنی بەستێنێکی وا بۆ تاوتوێكردنی پرسی دێموكراتیزەكردنی وڵاتی ئێران، جەختیان كردەوە.

لە بەشی كۆتایی ئەو دانیشتنەدا، نوێنەرایەتیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، داوایان كرد كە سنوورێک بۆ سەرەڕۆییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دابنرێت و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بخرێتە لیستی تێرۆرەوە.