ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕ، هەیئەتێک بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ بەشی لاوانی حیزبی سوسیال- دێموکراتی ئاڵمان (SPD-JUSOS) لە ناوەندی ئەو حیزبە لە شاری بۆن کۆ بوونەوە.
هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوڵتان گوڵاوی، سەیران حەسەنپوور و هەژار خاتەمی پێک هاتبوو.
لە سەرەتای ئەو دیدارەدا سوڵتان گوڵاوی، کورتەیەک لە مێژووی کوردستان و پێکهاتەی حیزبی دێموکراتی بۆ بەشداربووان شی کردەوە و خەبات و شێوەی خەبات و سیاسەتی حیزب و نەتەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵات و ئێرانی خستە بەر باس.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا سەیران حەسەنپوور، بە وردی باسی لە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" کرد و بارودۆخی هەنووکەیی کوردستان و ئێرانیان تاوتوێ کرد.
ئەندامانی لاو و گەنجی حیزبی سۆسیال- دێموکراتی ئاڵمان بە سەرنجەوە لە باسەکاندا بەشدارییان کرد و ئاماژەیان بە گرینگیی بەردەوامبوونی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" دا و بوونی پێوەندی لەگەڵ ڕێکخراو و بەشی لاوان و یەکیەتیی لاوانیان وەک پێشنیار خستە بەر باس.