کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە تەزەککوری لێسانەوە هەتا دیواری بێرلین و چین

21:17 - 17 بانەمەڕ 2723

دارسمە

ئەم زمانە شتێکی سەیرە. زمان دەگەڵ زەمانە دەگۆڕێت و سەیروسەمەرەبوونی زمان لەمەیان دایە، زۆر شتی جۆراوجۆری پێ دەکرێت. هەر لەبەر ئەم فرە بەکارییەشە دەگەڵ زۆر شت ئاوێتە بووە و بە یارمەتیی وشەی دیکە مانای جۆراوجۆر و جیاواز بەدەستەوە دەدات. زمانداران زۆر جار بە یەکێک لەم وشانەی پاڵ وە وشەی زمان دەدەن، ناودێر دەکرێن. "زمان‌زان"، زمان‌شڕ"، "زمان‌پیس"، "زمان‌درێژ"و "زمان‌لووس" بەشێک لەو زاراوە زمانییانەن بە یارمەتیی زمان ساز کراون.

لە زمانی کوردی و فارسیدا زمان‌زانان، نووسەران و ئاخێوەران دەتوانن دەستەواژی پڕمانا و سەیر و سەمەرە بە زمان و پاشگر یان پێشگران ساز بکەن و لەبەر ئەوەی درێژدادڕی بۆ ئەم بابەتەی ئێمە وەک جووینی ئاو بە مەبەستی وردکردن و هاڕینەوەیە، واباشە زۆر زمان‌درێژ نەبین و ئەگەر زمان لێمان بگەڕێت، ڕێک خۆمان بە نێرکی بابەتەکەدا بکەین.

لەبەر ئەوەی دوو زمانی کوردی و فارسی سەر بە یەک بنەماڵەی دەوڵەمەندی زمانین، ئەوەندەی ئەم دوو زمانە وەک یەک دەچن ئەوەندە لەیەکتر دوور نین. داڕشتن و وشە و ئیدیۆمی وەک یەکیان ئەوەندە زۆرە، پیاو سەری سوڕ دەمێنیت و ژنیش کەیفی خۆیەتی.

لە سەرەتای ئەم چەند ڕستەیەی سەروودا بۆیە باسی زمانمان کرد، چونکە زمان لە ژیانی ئێمەدا کارگەریی قورسی هەیە. تەنیا زمانی ئەو ئاژەڵە ڕووەک‌خۆرانە سوودیان بۆ مرۆڤ هەیە و ئەویش لەبەر ئەوەی ئایین و کولتووری ئێمە ئیزنی دەرهێنان و خواردنیانی داوە. زمان ئەوەندەی سوودی هەیە چەند ئەوەندەش بە زیانە. هەر لەبەر ئەمەشە پیر و پێشینیان دەڵێن: "سەری گوتیە زمانی/ هەتا ئەتۆم میوانی/خۆشیم نایەتە گیانی".

 بۆ ئەوەی باسەکەمان تەکووزتر و یەکدەست‌تر بێت، دەگەڕێینەوە سەر بابەتی خزمایەتیی کۆنی دوو زمانی کوردی و فارسی. ئەم دوو زمانە بە تایبەت وشەی "زمان"یان تەنیا جیاوازیی لە پیتی "م"دایە و زۆربەی زۆری کوردان دەڵێن "زمان" و فارسانیش بە "زبان" ناوی دەبەن.

فارسان دوای ئەوەی عەرەبان دەرگایان بەسەردا کردنەوە، زمانیان بەتوندی کەوتە بن ڕێسمەی ئەم دەرگایە. زمانی عەرەبی زمانی ئەوانی وشەباران کرد و ئێستا دوای سەدان ساڵ بە هیچ "پارزن" و "پاڵوێنە"یەک فارسییەکەیان بۆ ناپاڵێورێتەوە. وشەی "لێسان"یش وه‌ک سەدان وشەی دیکەی عەرەبی لەنێو زمانی فارسیدا خۆی مەڵاس داوە و لە کاتی خۆیدا دەردەکەوێتەوە و جێگەی وشەی ڕەسەنی "زمان" لە فارسیدا داگیر دەکات. چیرۆکی چوونی وشەی "تەززەکور"یش لە عەرەبیەوە بۆ فارسی هەر وایە. بەکورتی بڵێین دەستەواژەی "تەززەکورێ لێسانی" هەمان "ئامۆژگاری کردنە".

لە بابەتی سەرپۆشی زۆرەملێدا، بەرپرسانی کۆ-ماری ئیسلامی بەگوێرەی ئەو ڕەحم و بەزەییەی نیزکەی نیو سەدەیە لە بەرانبەر خەڵکی ئێراندا دەینوێنن، سەبارەت بە ژنانی بێ سەرپۆشیش، هەر بە ڕەحەم و بەزەییەوە دەڵێن سەرەتا بە "تەززکوری لێسانی" ئامۆژگارییان دەکەین و ئەگەر هەر لە دانەپۆشینی سەروقژیان بەردەوام بن، ناچارین بە کێشانی دیوار لە نێوان ژنان و پیاواندا کۆتایی بەم بابەتە بێنین. بۆ کێشانی دیواریش، ئەو دیوارەی بەرپرسانی تێگەیشتوو و پێگەیشتووی کۆ-ماری ئیسلامی باسی دەکەن، دەگەڵ دیواری بێرلین زۆر جیاواز دەبیت و لە دیواری چینیش درێژتر دەبێت.

دیواری بێرلین ساڵی ١٩٤٧ی کۆچی و لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕی ساردی نێوان وڵاتانی خۆرهەڵات و خۆرئاوادا لە شاری بێرلینی ئەڵمان بەرز کرایەوە و شارەکەی کردە دوو کەرت و دوای کۆتایی‌هاتنی شەڕی سارد ڕووخاندیان. بەڵام ئەو دیوارەی بەرپرسانی ئێران باسی دەکەن وەک لوولەی خوێنبەری نێو لەشی زیندەوەران بە هەموو ئاقار و شار و گوند و کۆڵاناندا دەکێشرێت.

بەوجۆرەی بەشێک لە دەمڕاستانی کۆ-ماری ئیسلامی باسی دەکەن، لەجیات ئەوەی ئەوەندە خۆیان بە لەچکە و سەرپۆشی ژنانەوە ماندوو بکەن و کۆبوونەوە و خۆپێشاندانان بترسێنن، واباشە لە پیادەڕۆ و شەقامان دیوارێکی بەرز ڕابکێشن و ژنان و پیاوان هەر کامەیان بە لایەکی ئەم دیوارەدا لە هاتووچۆدا بن. لێرەدا ئەم پرسیارە قوت دەبێتەوە،  ئاخۆ چ ئەندازیارێک دەتوانێت ئەم بیرۆکەیە لە نەخشەی ئاوەدانیاندا بکێشێتەوە. نەخشەکە دەبێت بە چەشنێک بێت، دوو شار یان دوو گوند دەباڵ یەکتردا دروست بکرێن و تێکەڵیش نەبن. تۆی خوێنەر بیهێنە بەرچاوی خۆت لە ماڵەوە دڕۆیە دەرەوە و دەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانت لە یەک جوودا دەبیەوە. تۆ بە ئەم دیوی دیواردا و ئەوانیش بە ئەو دیوی دیواردا دەڕۆن. ئەودەم کارمەندانی ئیدارەی دەوڵەتیش ژنان و پیاوانیان جودا کردووەتەوە و هەموو ئیدارەی بەڕێوەبەری، جودا لە دیواری ژوور و حەوش و حەساریان دیوارێکیش بە دەروازەدا بەرە و شوێنی کارمەندان خوشیوە. هەموو ئیدارەیەک هاوبەڕێوەبەری هەیە و بەڕێوەبەری ژن دەڕوانێتە دیوی دیواری ژنان و ئەوەی پیاویش دەڕوانێتە دیوی دیواری پیاوان. ئەگەر جووت بەڕێوەبەرەکەش خوشک و برا یان ژن و مێرد نەبن، پێویستە سووکە دیوارێک لە نێوانیادا هەبێت و بە جوودا لە زمان لووسیی خۆیان بەردەوام بن. 

لێشتان تێک‌نەچێت لێسان بە مانای زمانە و هیچ پێوەندییەکی بە لێستنەوەوە نییە.