کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگکرانی سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد لەلایەن دادگای ڕێژیمەوە بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی

11:54 - 18 بانەمەڕ 2723

سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی شۆرای چالاکانی مەدەنیی یارسان و سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بانگی لقی یەکی دادگای جێبەجێکردنی سزاکان لە شاری شاباد کراوە.

سیاوەش حەیاتی ڕۆژی شەممە ١٦ی بانەمەڕ، لەلایەن دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە شاری شاباد ئاگادر کراوەتەوە کە دەبێ لە ماوەی ٥ ڕۆژدا خۆی بە لقی یەکی دادگای جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیم لە شاباد بناسێنێت.

سیاوەش حەیاتی ڕۆژی هەینی ١ی ڕەزبەر لە گوندی "وەرگومە" سەر بە داڵاهۆ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو کە هەر لە سەرەتای دەسبەسەرکرانییەوە مانی لە خواردن گرتبوو.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەزبەر، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە کرماشانەوە بۆ زیندانی دیزڵاوا ڕاگوێزرابوو و ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

سیاوەش حەیاتی لەلایەن لقی ٥ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە کرماشان بە تۆمەتی "چالاکی و پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی وتووێژی تێلێڤیزیۆنی و باسکردن لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان و بە زاڵم ناوبردنی نیزامی کۆماری ئیسلامی"، بەپێی ماددەی ٥٠٠ی یاسای سزای ئیسلامی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.