کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ زیندانیی سیاسیی عەرەب مەترسیی لەسێدارەیان لەسەرە

10:26 - 18 بانەمەڕ 2723

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند: ''٦ زیندانیی سیاسیی خەڵکی ئەهواز کە بە تۆمەتی ئەمنییەتی، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسیی گرتووخانەی شەیبانی ئەهواز گواستراونەتەوە''.

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە شەش زیندانیی سیاسیی خەڵکی ئەهواز بە ناوەکانی "عەلی مەجدەم، محەممەدڕەزا موقەدەم، عەدنان مووسەوی‌غەبیشاوی، سالم مووسەوی‌ئالبووشووکە و موعین خەنفەری و حەبیب دریس"، ٦ هاووڵاتیی خەڵکی ئەهوازن کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تۆمەتگەلی وەکوو ئەمنییەتی، موحاربە و بەغیی وەپاڵ داون و لە دوای مانگی ڕەمەزانەوە پڕۆسەی لەسێدارەدانیان خێراتر بووە.

ئەو ٦ بەندکراوە عەرەبەی ئەهواز لە ماوەی ئەم ڕۆژانەدا بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونەتەوە و بڕیار وایە حوکمی لەسێدارەدانەکەیان جێبەجێ بکرێت.

سیاسەتی نگریسی کۆماری ئیسلامی بۆ لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی سەر بە نەتەوەکان لە ئێران، بە تایبەتی نەتەوەکانی کورد و بەلووچ و عەرەب، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا زیاتر بووە و ڕێژیم لەم ڕێگەیەوە هەوڵ دەدات خەڵک سەرکوت و چاوترسێن بکات.