کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگاو: لە مانگی مەی ٢٠٢٣دا، زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتی لە ئێران دەسبەسەر کراون

10:33 - 11 جۆزەردان 2723

لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٣دا، لانیکەم ١٠٧ هاووڵاتی کە ٢١ کەسیان ژن بوون، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون یان ڕفێندراون. هەروەها نیوەی ئەو کەسانەش کە دەسبەسەر کراون، هاووڵاتییانی کورد بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" کە ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەردان بڵاوی کردەوە، لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٣دا، لانیکەم ١٠٧ هاووڵاتی کە ناسنامەیان بۆ ئەو ڕێکخراوەیە ئاشکرا کراوە، لە شارە جیاوازەکانی ئێران و لەلایەن ناوەند و هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

بەپێی ئەم ئامارە تۆمارکراوە، نیوەی ئەو دەسبەسەرکراو و ڕفێندراوانە، واتە ٥٤ کەس، لە کۆی گشتیی دەسبەسەرکراوەکان، کورد بوون، ١٢ کەسیان بەلووچ بوون و ٨ کەسیشیان چالاکانی مەدەنیی تورک بوون.

شایانی باسە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا گوشاری دامودەزگا حکوومەتییەکان بۆ سەر کەمینە ئایینییەکان زیادی کردووە و لە ماوەی مانگی مەیدا لانیکەم ١١ چالاکی کەمینە ئایینییەکان لە ئێراندا دەسبەسەر کراون کە ٦ کەسیان پەیڕەوی ئایینی بەهایی بوون.

هەروەها سێ چالاکی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان و دوو چالاکی سوننە لە کوردستان و بەلووچستان لەلایەن ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

لەم ماوەیەدا دەسبەسەرکرانی لانیکەم ٢١ چالاکی ژن، ٦ چالاکی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکار، ٦ مامۆستای قوتابخانە و خوێندکارێکی زانکۆش لە ناوەندی ئاماری هەنگاو تۆمار کراوە.