کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد

08:13 - 21 جۆزەردان 2723

سیامەک هەیاسی و ئالان داغدار، خەڵکی گوندی "حاجی ئاوا" سەر بە شاری بۆکان، هێشتا لە گرتنگەدان و زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سیامەک هەیاسی و ئالان داغدار، خەڵکی گوندی "حاجی ئاوا" سەر بە شاری بۆکان، دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ، هێشتا لە گرتنگەدان و زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە. 

ئەم دوو هاووڵاتییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە ورمێ ڕاگوێزراون و لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

سەرەڕای سەردانی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە ورمێ و بۆکان، هێزەکانی ڕێژیم لە دانەوەی وڵامی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسیان خۆ دەبوێرن
.
دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوە، هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی، سیامەک هەیاسییان دەسبەسەر کرد و پاش دەسبەسەرکرانی، ماڵەکەیان پشکنیوە.

هێزەکانی ئیتلاعات هەندێک لە کەلوپەلی کەسیی سیامەک هەیاسی لەوانە لەپتاب، مۆبایل و فلەش مێمۆریی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خاکەلێوەش، ئالان داغدار بەبێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی و لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو دوو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد بە دەست نەهاتووە.