کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان- ژێنێڤ: دەسبەسەرکران، ئەشکەنجە، کوشتن و لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کورد بەردەوامە

08:16 - 21 جۆزەردان 2723

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان- ژێنێڤ لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا لەمەڕ پێشێلکارییە مافی مرۆییەکانی کوردستان نووسی: دەسبەسەرکران، ئەشکەنجە، کوشتن و لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کورد تا ئێستاش بەردەوامە.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان- ژنێڤ لە ڕاپۆرتێکی ١٧ لاپەڕەییدا لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ڕاپۆرتنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، ڕاگەیاندنەکان و بە گشتی بیروڕای گشتی، نووسی: تا ئێستاش دەسبەسەرکردن، ئەشکەنجە، کوشتن و لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە بەردەوامە.

لەم ڕاپۆرتەدا تیشک خراوەتە سەر سەرکوتی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران دژی دەسەڵات پاش کوشتنی ژینا ئەمینی، بە تایبەتی لە پارێزگا کوردستانییەکاندا.

هەروەها لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی، وەکوو هەموو دەوڵەتەکانی پێشووی کۆماری ئیسلامی، بە چاوێکی ئەمنییەتی و ئایینییەوە چاو لە کوردستان و  نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەکات.

لەو ڕاپۆرتەدا بە گشتی و بە تایبەتی تیشک خراوەتە سەر سەرکوت، ئێعدام، لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی، کوشتنی لەڕادەبەدەری کۆڵبەران و ئەو ڕووداوانەی کە بەهۆی تەقینەوەی مینە بەجێماوەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، خەڵکی مەدەنیی کردووتە ئامانج.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان- ژێنێڤ لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاماری ئێعدامەکان، کوشتنی کۆڵبەران،  ئەو کەسانەی کە بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەست دەدەن بەتایبەتیی کەمینە نەتەوەییەکان و ئایینییەکان بە ڕوونی بڵاو ناکاتەوە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بۆ نموونە لە سەتا ٨٦ی ئێعدامەکانی ئەم دواییانە لەلایەن ڕێژیمەوە ڕانەگەیەندراوە.

هەروەها لە کاتی دەسپێکی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دژی دەسەڵات تا ئێستا ١٤٠ کەس لە خەڵکی خۆپیشاندەر کوژراون کە ١٠ کەسیان ژن و ١٧ کەسیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ و ٢٢ هاووڵاتیی دیکەی کوردستانیش لە شارەکانی دیکەی ئێران گیانیان لەدەست داوە.

لە بەشی کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە دەسپێکی ڕاپەڕینی سەرتاسەریی گەلانی ئێران دژی دەسەڵات، تا ئێستا ٤٩٠ کەس لە خەڵکی خۆپیشاندەر کوژراون کە لەو ئامارە ٤٤٥ کەسیان پیاو، ٤٥ کەس ژن و ١٤٥ کەسیان خەڵکی کوردستان و ١٣٥ کەسیشیان بەلووچ بوون و سەرەڕای ئەوەش ١٠ هاووڵاتیی ناڕازیی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست داوە.