کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی دوو چالاکی مەدەنیی کوردی یارسان لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان

17:14 - 21 جۆزەردان 2723

دوو چالاکی مەدەنیی کوردی یارسان بە ناوەکانی سەید فەریبۆرز شائیبراهیمی و سەید فەرهاد زۆنووری، هێشتا لە زیندانی دیزڵاوای کرماشاندا دەسبەسەرن و لە ڕەوتی دادوەریی دۆسییەکەیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، سەید فەریبۆرز شائیبراهیمی و سەید فەرهاد زۆنووری، لە چالاکانی مەدەنیی کوردی یارسان، هێشتا لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان دەسبەسەرن و لە پێوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

ئەم دوو چالاکە مەدەنییەی یارسان، بەهۆی قسەکردن لە ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی خەلیل عالی‌نژاد، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و لە ڕەوتی دادوەریی دۆسییەکەیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئەم دوو چالاکە مەدەنییە تا کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگا مافی پێوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنیان نییە.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی جۆزەردان، سەید فەریبۆرز شائیبراهیمی و سەید فەرهاد زۆنووری، لە شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، لە ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی دیزڵاوای کرماشان ڕاگوێزران.

دەسبەسەرکرانی ئەم دوو چالاکە مەدەنییە کوردە بە نواندنی توندوتیژی بووە و بە زۆر لەسەر دیوارەوە چوونەتە ماڵەکەیان و هیچ حوکمێک یان قسەیەکیان لەسەر دەسبەسەرکرانیان پێ نەبووە.

ئەم دوو چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١یش لە ڕێوڕەسمی ٢١‌ـەمین ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد هاوکات لەگەڵ نواندنی توندوتیژی و لێدان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.