کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێگەی ڕەفتاری بنەماڵەی شەهیدان لە شۆڕشی ژینادا

08:56 - 22 جۆزەردان 2723

سمایل شەرەفی

لە درێژەی قۆناغە جیاجیاکانی شۆڕشی ژینادا، بنەماڵەی شەهیدانی ئەم شۆڕشە بە دەرکەوتنە تایبەت و پڕ لە پەیامەکانیان، پێگەیەکی زیندوو و چالاکیان لێ تۆمار کرا. ئەوان هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە کە بە هۆی تەقەی ڕاستەخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە خوێن لە جەستەی ڕۆڵەکانیان دەچۆڕا، نەتەنیا ڕەشیان نەپۆشی و پەرسەی دۆشدامانیان نەگرت، بەڵکوو جامانە و هەوری لەکۆڵ، لەسەر تەرم و گۆڕی کچ و کوڕە سوورخەڵاتەکانیان، بە زمانی گڕی ئازادیخوازی و مافویستییەوە بەگژ دەسەڵاتی ڕەش و جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی‌دا چوون و  وێڕای بڵاوکردنەوەی پەیامی کۆتاییهێنان بە ئەقڵیەتی فاشیستی و تەواویەتخوازی، بە شانازی و سەربەرزییەوە باسیان لە شەهیدەکان دەکرد.

بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە کوردستان بە کەڵکوەرگرتن لە دەرفەت و بۆنەی تایبەت بە ڕۆڵە شەهیدەکانیان و بە بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمی تایبەت، وەک پاڵنەرێک لە درێژەکێشانی ئەم شۆڕشە و بەزیندوویی‌هێشتنەوەی پەیام و ئەرزش و بەهاکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌، ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەریان نواند. ئەوان هەموو حەوتوویەک بە بێ‌گوێدان بە هەڕەشە و گوشارەکانی ناوەندە سەرکوتکەرە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم، یەکگرتووانە بە کۆبوونەوە لە سەر گڵکۆی شەهیدەکان، درووشم و پەیامەکانی شۆڕشی ژینایان تا ئێستاش بە زیندوویی هێشتۆتەوە.

یەکگرتویی نێوان بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە کوردستان نەتەنیا سنووری شارەکانی کوردستانی بەزاند، بەڵکوو بنەماڵەی شەهیدان لە شوێن و ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش باڵکێشی کوردستان کران و وێڕای هاودەریکردن لەگەڵ یەکتری، پەیامی بەگژداچوونەوەیەکی یەکگرتووانەیان دژ بە رێژیمی بکوژی ڕۆڵەکانیان دا. ئەم یەکگرتووییە لە نێوان بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان‌دا بەرچاوتر لە شوێنەکانی دیکە خۆی نواند. سەرەتا گۆڕستانی ئایچی لە شاری سەقز کە تەرمی شەهید ژینای لێ نێژراوە، بوو بە شوێنی کۆبوونەوەی خەڵک و بنەماڵەی شەهیدان و ناڕەزایەتی‌دەربڕین دژ بە ڕێژیم. دواتر ئەم هەمگەرایی و یەکگرتوویە لە نێوان بنەماڵەی شەهیدان‌دا گوازرایەوە بۆ زۆرێک لە شارەکانی دیکەی کوردستان. لە مهابادەوە بۆ بۆکان لە بۆکانەوە بۆ جوانڕۆ و لە جوانڕۆوە بۆ سەقز و لە سنەوە و دیواندەرەوە بۆ بۆکان و سەقز.

لەم سەردان و بەسەرکردنەوانەدا، بنەماڵەی شەهیدان بە کۆمەڵێک داهێنانی جوان و پڕ لە ڕەمز و پەیامی سەردەمیانە و بەکەڵکوەرگرتن لە هێندێک هێما و سەمبولی نەتەوەییەوە، نیشانیان‌دا کە کۆمەڵی کوردەواری پڕە لە پتانسێل و زەرفییەتی مودێڕنی خەباتکارانە دژ بە تەواویەتی نیزامێکی کۆنەپەرەست. ئەوان بە پێشکەشکردنی گوڵی سوور بەیەکتر و جامانە لەمل یەکترکردن و، وتنەوەی سروودە شۆڕشگێڕییەکان و ڕازاندنەوەی خۆیان و منداڵی شەهیدەکان بە جل و بەرگی ئاڵاو واڵای کوردییەوە، پەیامەکانی یەکگرتوویی، ژیاندۆستی و خەبات لەپێناو وەدیهێنانی ئامانجی شەهیدەکانیان بەرز و بەرجەستە کردەوە.

کاریگەریی ئەم هەڵسووکەوت و ڕەفتارانەی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە سەر هەست و ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بیروڕای گشتی بە ڕادەیەک شوێندانەر بوو کە ژوورە ڕەشە پیلانگێرییەکانی ڕێژیمی تووڕە و نیگەران کرد. بۆیە چەندین جار پەلاماری کێلی شەهیدەکانیان‌دا و شێواندیانن، هەڕەشەو گوشاریان خستە سەر بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدەکان و تەنانەت هێندێکیانیان لێ دەستبەسەر و زیندانی کردن. چەند جارێک گۆڕی شەهید ژینایان لە گۆڕستانی ئایچی شێواند و لە سنە و شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێرانیش گۆڕی زۆرێک لە شەهیدەکانیان شێواند. هەر لە پێوەندی لە گەڵ گوشارخستنەسەر بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدەکان‌دا، ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردان کە بنەماڵەی شەهیدان لە شارەکانی سنە، دێولان و دیواندەرەوە سەردانی بنەماڵەی شەهیدانیان لە شارەکانی سەقز و بۆکان کرد، لە گەڕانەوەدا دەستبەسەر کران.

ڕەفتار و هەڵسووکەوتی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ماوەی ئەم چەند مانگە‌دا کە وەک باس کرا زەبر و زەنگ و فشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕیژیمیان لەسەر بووە، خاوەنداریکردنێکی دەروەستانە و خەباتکارانەیە کە لە شۆڕشی نوێی خەڵکی کورستان و ئێران دژ بە نیزامی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا جێگە و پێگەیەکی بەرز و مێژوویی لێ تۆمار کراوە. ئەم ڕەفتارانە نیشان دەدات کە؛ هەیمەنەی سەرکوتکاریی ڕێژیم، پووچ و بەتاڵ و بێ داهاتوویە، شەهیدان و بە گشتی قوربانیانی ئەم شۆڕشە ڕۆڵ و پێگەیان لە یادەوەرییەکان‌دا بە زیندووی دەمێنێتەوە و خەڵک پێیان وەفادار دەبێت و شانازییان پێوە دەهات. لە هەمووی گرینگتر ڕەفتار و هەڵسووکەوتی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا و پشتیوانیی خەڵک لە بنەماڵەی شەهیدان دەریدەخات و دەریانخست کە، خاوەنانی ڕاستەقینەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەنێو دڵی ڕاستەقینە شۆڕشەکەدان و هیچ ئیرادەیەکی تەوایەتخواز و فاشیست، ناتوانێ دەست بەسەر ئەم شۆڕشە و دەسکەوتەکانی‌دا بگرێت.