٦ هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی "عەبدولڕەحمان قەیتەران، سەدرەدین قەیتەران، خزر محەممەپوور، حەبیب خوشنوود، جەماڵ ڕەسووڵزادە و محەممەد مەحموود فەقێ"، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە پیرانشار دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
ڕێکخراوی مافی مرۆیی ''کوردپا'' لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاند، سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی جۆزەردان، جەماڵ ڕەسووڵزادە کوڕی محەممەد و محەممەد مەحموود فەقێ کوڕی جەعفەر، خەڵکی گوندی "خورینج" سەر بە پیرانشار، بەبێ بەڵگەی یاسایی و هاوکات لەگەڵ توندوتیژی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، عەبدولڕەحمان قەیتەران و سەدرەدین قەیتەران، خەڵکی گوندی "کانی مەلا" کە برای یەکترن، سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی جۆزەردان، لە ماڵەکەی خۆیاندا بەبێ بەڵگەی یاسایی و هاوکات لەگەڵ توندوتیژی دەسبەسەر کراون.
هەروەها حەبیب خوشنوود و خزر محەممەدپوور خەڵکی گوندی "کانی مەلا" سەر بە پیرانشار، بەبێ بەڵگەی یاسایی لە گوندی "شنۆزەنگ" سەر بە پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم ٦ هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.