کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک دژ بە سەركوت و هەڕەشەكانی ڕێژیمی ئێران لە ئاڵمان بەڕێوە چوو

10:30 - 22 جۆزەردان 2723

بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا و ناڕەزایەتی دەربڕین دژی لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، خۆپیشاندانێک لە شاری هامبۆرگ لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی جۆزەردان، لە شاری هامبۆرگ لە وڵاتی ئاڵمان، بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا و ناڕەزایەتی دەربڕین دژی لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی و هەروەها دژی هەڕەشەکانی سپای پاسداران بۆ سەر هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای چەند لایەنێکی دیکەی ئێرانی بەشدار بوون.

خۆپیشاندانەکە لەلایەن ناسکە عەبدوڵڵاهی بەڕێوەبەری دەکرا و سەرەتا بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد.

لەو خۆپیشاندانەدا، شەهریار نەقشبەندی پەیامی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هامبۆرگی خوێندەوە و ئاماژەی بە ڕۆڵی تێکدەرانەی هەندێک لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات کرد و لەسەر یەکڕیزی و تەبایی بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و کوردستان جەختی کردەوە.

دواتر ڕێبوار حوسێنی، پەیامی زیندانییانی سیاسیی خوێندەوە و دوو سروودی شۆڕشگێڕانەش لەلایەن محەمەدی تاهو، پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو خۆپیشاندانەدا ڕووناک سەرحەدی، بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئاڵمانی دروشمی لە دژی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی دەوتەوە و ئامادەبووان دووبارەیان دەکردەوە.