کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی خوێندکارێکی دوکتورای کۆمەڵناسیی سیاسی لە بانە

15:06 - 22 جۆزەردان 2723

پێدرام موعینی، چالاک و خوێندکاری قۆناغی دوکتورای کۆمەڵناسیی سیاسی لە زانکۆی تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە لە شاری بانە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، پێدرام موعینی، خەڵکی شاری سنە و خوێندکاری قۆناغی دوکتورای کۆمەڵناسیی سیاسیی زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوەی تاران، لە شاری بانە و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و  بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

فەرزام موعینی برای پێدرام لەم پێوەندییەدا ڕاگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر دەفتەری کاری پێدرام لە شاری بانە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هەروەها ناوبراو زیادی کرد کە سەرەڕای بەدواداچوونی زۆر لە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی شاری بانە، تا ئێستا هیچ وڵامێکی ڕوونیان لەسەر چارەنووسی پێدرام پێ ڕانەگەیاندوون.

پێدرام موعینی ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە کاتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، لە تاران لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین گواسترابووەوە.

ئەو خوێندکارە کوردە پاش گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ئێڤین، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی، بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

جێگەی ئاماژەیە کە پێدرام لەلایەن لێکۆڵەری دادسەرای ئێڤینەوە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام و هەروەها تێکدانی ئاسایشی گشتیی لە ڕێگەی بەشداربوون لە ناڕەزایەتییەکانی بەسەردا سەپابوو.