کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێکی دەروونناسی لەلایەن یەكیەتیی ژنانەوە لە وڵاتی نۆروێژ

10:25 - 23 جۆزەردان 2723

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، سیمینارێکی لەژێر ناوی "تەندروستیی دەروونی" بۆ خاتوو گەرمیان یارحوسێنی پێک هێنا.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی جۆزەردان، لە شاری سترۆمێن، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سیمینارێکی لەژێر ناوی تەندروستیی دەروونی بۆ خاتوو گەرمیان یارحوسێنی پێک هێنا.

سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی سوورخەڵاتی نەتەوەکەمان دەستی پێ کرد.

دواتر لەلایەن بەڕێوەبەریی بەرنامەکە خاتوو "بێری مەڕەسەنە"، ئەندامی کۆمیتەی نۆروێژ، بە نوێنەرایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنان لەم وڵاتە، بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا و ناوبراو چەند وتەیەکی لە پێوەندی لەگەڵ پێکهێنانی سیمینارەکە پێشکەش کرد.

پاشان خاتوو گەرمیان یارحوسێنی باسێکی لەسەر "تێگەیشتن لە تەندروستیی دەروونی، چۆنیەتیی مامەڵەکردن و چارەسەرکردنی گوشار و کەڵەکەبوونی کێشە دەروونییەکان لەناو پەنابەران لە تاراوگەدا پێشکەش کرد.

ناوبراو لە بەشێکی باسەکەیدا وتی: بۆ ئەوەی بتوانین تەندروستییەکی دەرونیی باشمان هەبێت، پێویستە پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆمان وەک ژن لە تاراوگەدا گەشە پێ بدەین و هەوڵ بدەین خۆمان تێکەڵ بە کۆمەڵگەی نۆروێژی بکەین.

بەشی دووەمی سیمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ پرسیار و سەرنج و تێبینیی بەشداربووان لەسەر تەندروستیی دەروونی و وڵامدانەوەی لەلایەن خاتوو گەرمیان یارحوسێنی.

لە کۆتایی سیمینارەکەدا لەلایەن خاتوو نەمام زەریفام، بەرپرسی کۆمیتەی نۆروێژ، چەپکەگوڵێک پێشکەش بە خاتوو گەرمیان کرا.