کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆروێژ؛ بەڕێوەچوونی سیمینارێک دژ بە ئێعدامەكانی ڕێژیمی ئێران

10:59 - 23 جۆزەردان 2723

سیمینارێک لەژێر ناوی "با پێکەوە گیانیان ڕزگار بکەین، نا بۆ ئێعدام، بژی بۆ ژیان"، لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، سیمینارێک لەلایەن کۆمیتەی نۆروێژی ـ ئێرانی بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی خەڵکی ئێران لەژێر ناوی "با پێکەوە گیانیان ڕزگار بکەین، نا بۆ ئێعدام، بژی بۆ ژیان" لە ئۆسلۆی پێتەختی وڵاتی نۆروێژ، بەڕێوە چوو.

ئەو سیمینارە لە دوو پانێلدا بۆ چوار کۆڕگێڕ بەڕێوە چوو. لە بڕگەی یەکەمدا دوکتور مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران وتارێکی لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران پێشکەش کرد و تێیدا باسی لەوە کرد کە لە دوای شۆڕشی ژینا، ٤٧٥ کەس ئێعدام کراون کە پێنج کەسیان بە تاوانی بەشداری لە خۆپیشاندانەکان ئێعدام کراون.

دواتر پڕۆفیسۆر شەهرام ئەلقاسی، مامۆستای زانکۆ و لێکۆڵەر لە بواری کۆمەڵناسی، باسی لە خەسارەکانی ئێعدام لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە کرد.

لە بڕگەی دووەمدا، خوسرەو قادری، بەرپرسی پێوەندیی هێزە کوردی و ئێرانییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، وتارێکی لەسەر دۆخی کوردستان لە پێش شۆڕشی گەلانی ئێران و دواتر هاتنە سەر کاری ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران کرد.

هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەی وتارەکەیدا بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی "چاونیوز" و "هەنگاو" و هەروەها ڕاپۆرتی مانگانەی ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باسی لە ڕێژەی دەسبەسەرکراوان، حوکمدراوان، کۆڵبەران و ئێعدامی زیندانییان کرد.

خوسرەو قادری لە کۆتایی باسەکەیدا، باسی لە لەشکرکێشیی ڕێژیمی ئێران بۆ کوردستان و سنوورەکانی ئێران و عێراق کرد کە بە بیانووی بنکە و بارەگا و کەمپەکانی هێزەکانی کوردستانی ئێران لەنێو خاکی کوردستانی باشووردا بە تەمای هێرشی نیزامی، مووشەکی و دڕۆنییە. هەروەها داوای لە کۆڕ و کۆمەڵی جیهانی و لایەنەکانی دیکە کرد کە ئەو هێرشە ئیدانە بکەن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی "هێڵێکی سوور" بۆ ڕێژیمی سەرەڕۆی ئێران دابنێن.

 هەر لەو بڕگەیەدا سپیدە سادقی، چالاکی بەلووچ لە بواری مافی مرۆڤ، ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕەوشی بەلووچستان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پێشکەش کرد.