کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو مامۆستای ئایینیی کورد سزای بەندکران، دوورخرانەوە و هەروەها ئەستاندنەوەی جلوبەرگی مامۆستایەتییان بەسەردا سەپێندرا

16:13 - 24 جۆزەردان 2723

مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی چواریاری نەبیی سنە و مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، پێشنویژی مزگەوتی جامێعی گوندی نەنەڵە، لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت لە هەمەدان، ٢٣ ساڵ بەندکران، دوورخرانەوە و ئەستاندنەوەی جلوبەرگی مامۆستایەتییان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، مامۆستا لوقمان ئەمینی، ١١ ساڵ بەندکران، ٢ ساڵ دوورخرانەوە بۆ ئەردەبیل و هەروەها ئەستاندنەوەی هەتاهەتایە جلوبەرگی مامۆستایەتیی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، ١٢ ساڵ بەندکران، ٢ ساڵ دوورخرانەوە بۆ بووشێهر و ئەستاندنەوەی هەتاهەتایی جلوبەرگی مامۆستایەتیی بەسەردا سەپاوە.

دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت لە هەمەدان ئەو دوو مامۆستا کوردەی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم" و هەروەها "پشتیوانیکردن لە خەڵک و شۆڕشی ژن ژیان ئازادی" تۆمەتبار کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، مامۆستا لوقمان ئەمینی و مامۆستا ئیبراهیم کەریمی، بەهۆی پشتیوانیکردن لە خەڵک لە کاتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، لە جاددەی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

ناوبراوان ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕەشەمە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کران.

ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە پاش دەسبەسەرکرانی مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لەو مامۆستا نیشتمانپەروەرە، ناوبراویان ناچار کرد کە داوای لێبووردن لە مامۆستایانی سەر بە دەسەڵات بکات.