کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار سزای ٧ ساڵ و ٢ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا

10:27 - 26 جۆزەردان 2723

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "محەممەد ئیسماعیلی و ئیسماعیل مەحموودپوور"، خەڵکی پیرانشار، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد، سەرجەم سزای ٧ ساڵ و ٢ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد بە سەروکایەتیی "ئەمیر ئوجاقلوو"، محەممەد ئیسماعیلی و ئیسماعیل مەحموودپووری بە "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران" تۆمەتبار کردووە و بەپێی حوکمی دەرکراو، محەممەد ئیسماعیلی بە دوو ساڵ و ٨ مانگ زیندانی تەعزیری و ئیسماعیل محەممەدپوور بە ٤ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون.

محەممەد ئیسماعیلی، ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ناوبراو، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی، بۆ زیندانی ڕێژیم لە نەغەدە ڕاگوێزرابوو و بەفرانباری ١٤٠١، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئیسماعیل مەحموودپوور، خەزەڵوەری ١٤٠١، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ناوبراو، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی، بۆ زیندانی ڕێژیم لە نەغەدە ڕاگوێزرابوو و بەفرانباری ١٤٠١، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.