کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی پیرانشار سزای دوو ساڵ و یەک مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

10:42 - 26 جۆزەردان 2723

مامۆستا زانا خۆشامەن، خەڵکی پەسوێی پیرانشار، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد بە سەرۆکایەتیی "ئەمیر ئوجاقلوو"، بە دوو ساڵ و یەک مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە سەرۆکایەتیی ئەمیر ئوجاقلوو، مامۆستا زانا خۆشامەنی بە "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە و سزای دوو ساڵ و یەک مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاندووە.

مامۆستا زانا خۆشامەن و هاوسەرەکەی، سنوور قادری، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

ئەم مامۆستا ئایینییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

مامۆستا زانا خۆشامەن، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

مامۆستا زانا خۆشامەن، پێشتر پێشنوێژی گوندی "یوونس لیانـ"ـی شنۆ، گوندی "کۆنەقەڵا"ی نەغەدە و گوندی "شەختانـ"ـی پیرانشار بووە.

هەروەها چەند ساڵیش لە قوتابخانەی زانستی ئایینیی سەلاحەدین ئەیووبیی پیرانشار وانەی وتووەتەوە.