کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕفاندنی خوێندکارێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە لە تاران

09:35 - 28 جۆزەردان 2723

مائیدە ئادەمی موکری، خەڵکی شاری مەهاباد و خوێندکاری زانکۆی هونەری تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژی شەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، خوێندکارێکی کوردی زانکۆی هونەری تاران بە ناوی مائیدە ئادەمی موکری و خەڵکی شاری مەهاباد، لە بەرانبەر باخی نیشتمانیی ئەو زانکۆیە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم ١٠ خوێندکاری دیکەی زانکۆی هونەری تاران بە ماشینی وەنی بێ ژمارە و سەر بە هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دەسبەسەر و هەروەها کۆمەڵێک خوێندکاریش ڕێگەیان پێ نەدراوە بچنە نێو زانکۆوە.

ئەم هەوڵە سەرکوتکەرانەی هێزەکنی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی هونەری تاران لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر حیجابی زۆرەملێ و بەسەردادانی زۆرەملێی سەرپۆشی فەرمیی ئیداری لە ئێراندا کە پێی دەوترێت "مەقنعە"، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

شایانی باسە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، خوێندکارانی زانکۆی هونەری تاران بە دژی بارودۆخی هەنووکەیی ئەو زانکۆیە و میلیتاریزەکردن و چاوەدێریی چڕوپڕی زانکۆ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕی.