کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی کاک عیسمەت عەبدی لە ڕێوڕەسمێکدا لە وڵاتی هولەند بە خاک ئەسپێردرا

09:29 - 29 جۆزەردان 2723

ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردن و كۆڕی پرسەی کاک عیسمەت عەبدی، ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لەنێۆ ئاپۆرای ئەندامانی حیزب و چەندین کەسایەتی، لە وڵاتی هولەند بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ٢٧ی جۆزەردان، ڕێوڕەسمی دوایین ماڵاوایی و بە خاک ئەسپاردن و بەرزڕاگرتنی یادی ھاوڕێی پێشمەرگە و ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، کاک عیسمەت عەبدی، لە وڵاتی ھولەند بەڕێوە چوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا کە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستی پێ کرد، بنەماڵە و ھاوڕێیانی کۆچکردوو، بە ئاڵای پیرۆزی کوردستانەوە ماڵاواییان لە تەرمی کاک عیسمەت عەبدی کرد.

 پاشان ھاوڕێ لەگەڵ ئاپۆرای خەڵک، تەرمی ناوبراو ڕەوانەی گۆڕستانی گشتیی شاری ئامێسفۆردی هولەند کرا و بە سروودێکی نیشتمانیی هونەرمەند مستەفا دادار، بە خاک ئەسپێردرا.

 دواتر ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی و یادکردنی کاک عیسمەت عەبدی لەلایەن بنەماڵە و ھاوڕێیەکانییەوە بەڕێوە چوو، لەم ڕێوڕەسمەدا ھێندێک کەسایەتی و ھاوسەنگەری پێشمەرگەی کۆچکردوو یادیان بەرز ڕاگرت، کە ھەر لەم پێوەندییەدا کاک مستەفا شەڵماشی بە نوێنەرایەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسێکی لەسەر کاک عیسمەت پێشکەش کرد و لەسەر پێگەی ناوبراو لە خەباتی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد لە قۆناغێکی ھەستیاردا جەختی کردەوە.

کاک عیسمەت عەبدی، تێکۆشەری بەئەزمون و ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی جۆزەردان بەهۆی جەڵتەی مێشک لە وڵاتی هولەند کۆچی دوایی کرد.