کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک لەسەر پرسی کورد لە پارلمانی نۆروێژ

09:26 - 30 جۆزەردان 2723

وەزیری دەرەوەی نۆروێژ لە پارلمانی ئەو وڵاتە، لەسەر پرسی کورد  سیمینارێکی بۆ کوردانی تاراوگە پێک هێنا.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردان، خاتوو ئانیکێن هویتفەلد، وەزیری دەرەوەی نۆروێژ، سیمینارێکی بۆ کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان لە پارلمانی ئەو وڵاتە پێک هێنا. 

لەو سیمینارەدا هەیئەتی پێوەندییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ بە سەرپەرستیی کاوە عەبداڵی، بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات، بەشدار بوو.

وەزیری دەرەوەی نۆرويژ لەو سیمینارەدا باسێکی لەسەر بارودۆخی سیاسیی هەر چوارپارچەی کوردستان پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە ئێستادا لەم بەشانەی کوردستاندا لە ئارادان.

پاشان نوێنەری هەریەک لە هێز و لایەن و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، پرسیار، پێشنیار، تێبینی و سەرنجی خۆیان لەسەر باس و بابەتە جۆراوجۆرەکان خستە ڕوو کە وڵامی بەشێک لە پرسیارەکان لەلایەن وەزیری دەرەوەی نۆروێژ درایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە ڕێکخراوەکانی حیزب وەک نوێنەری کۆمیتەی دەرەوەی یەکیەتیی ژنان، هەیئەتی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنان لە نۆروێژ، نوێنەری کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەی کوردی لە نۆروێژ و هەیئەتی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی کوردی ئۆستفۆڵد، چالاکانە بەشداری ئەو سیمینارە بوون.