کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی بانە

10:53 - 30 جۆزەردان 2723

دوو کۆڵبەری خەڵکی مەریوان لە سنووری "هەنگەژاڵـ"ـی بانە، بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی "چاونیوز"، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردان، دوو کۆڵبەری خەڵکی مەریوان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، بریندار بوون.

تا ئێستا شوناسی یەکێک لەو کۆڵبەرە بریندارانە ڕاگەیەندراوە کە ناوی "ئیدریس ئەمینیـ"ـیە و شوناسی کۆڵبەرەکەی تر نادیارە.

هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم وەک هەمیشە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کۆڵبەرانە کردووە.

شایانی باسە کە ئەم دوو کۆڵبەرە بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە، ڕاگوێزراون.

هەر لەم پێوەندییەدا، شەوی شەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢، لە نزیک گوندی "دزاوەر" سەر بە شاری نەوسوود، سەبوور سەیدی، دانیشتووی گوندی "کڵاش" سەر بە جوانڕۆ و کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی جوانڕۆ، کەوتنە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران و بەسەختی بریندار بوون.

هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٦ی جۆزەردان، فەرزاد ئیمامی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی پاوە، لە کاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییەکانی شاری نەوسوود، کەوتە بەر ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و بریندار كرا.