کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هه‌ژاریی مێشک!

12:10 - 30 جۆزەردان 2723

کەریم پەرویزی

له‌ ده‌روونناسیی نوێدا، بیستن و گوێلێبوون له‌ شته‌ ناڕاست و دڵه‌ڕاوكێهێنره‌كان به‌ ڤایرۆس ناو ده‌به‌ن. زانایانی بواری ده‌روونناسی ده‌ڵێن كه‌ هه‌ر وه‌ک چۆن له‌ش پێویستی به‌ خواردن و خورادنه‌وه‌ و ڤیتامین و كانزاكانه‌، مێشكیش پێویستی به‌ وه‌رگرتنی زانیاری و دەرک كردن به‌ شته‌ نوێیه‌كان و خوارده‌مه‌نیی هزرییه‌ تاكوو بیری له‌سه‌ر بكاته‌وه‌ و خانه‌كانی خۆی پێ ڕێک بخاته‌وه‌.

هه‌ر وه‌ک له‌ش به‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ خراپه‌كان تێک ده‌چێ و نه‌خۆش ده‌كه‌وێ، مێشكیش به‌ شته‌ خراپه‌كانی وه‌كوو زانیاریی هه‌ڵه‌ وهه‌واڵی پڕ له‌  دڵه‌ڕاوكێ و هه‌ره‌ها خورافات، تووشی نه‌خۆشی و ژه‌هراوی ده‌بێ. مێشک و بیركردنه‌وه‌ی ژه‌هراوی ژیان قورس و پڕ له‌ گوشار ده‌كا و له‌شیش تووشی نه‌خۆشی ده‌كا و تواناكان و سه‌رچاوه‌كانی ژیان به‌فیڕۆ ده‌دا. مێشكیش هه‌ر وه‌كوو ده‌زگای هه‌رس و خواردنی له‌ش، برسیی ده‌بێ و له‌ كاتی برسییه‌تیدا په‌لاماری هه‌موو شتێک ده‌دا تاوه‌كوو هه‌رچی زووتر تێری بكا! له‌و كاته‌دا كه‌ مێشک برسییه‌، نزیكترین شته‌كان و به‌رده‌ستترین وه‌ڵامه‌كان ده‌بنه‌ ڕاستی و هه‌قیقه‌ت بۆی و وه‌ریده‌گرێ، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌وانه‌ خوارده‌مه‌نیی پڕ ڤایرۆسن كه‌ مێشک تووشی شێرپه‌نجه‌ ده‌كه‌ن!

 

دوای چه‌ندین ساڵ له‌ كێشمه‌كێشی نێوان ڕێژیمی ئێران و عه‌ره‌بستان، به‌ گوشاری چین، خامنه‌یی ملكه‌چی دۆخی نوێ بوو و هه‌موو دروشم و هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌كانی پێشووی له‌بیر كرد و جا كه‌وتنه‌ پاساوهێنانه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ دونیای ئیسلام پێویستی به‌ یه‌كگرتووییه‌ و ده‌بێ هه‌وڵی دیپلۆماتیک بۆ یه‌كگرتوویی دونیای ئیسلام بده‌ن!

وه‌ک بڵێی ئه‌وكاته‌ی كه‌ خه‌ڵكی هه‌ژاری یه‌مه‌نی پڕ چه‌ک ده‌كرد و چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌و وڵاته‌ وێران و هه‌ژاره‌ی وێرانتر و هه‌ژ‌ارتر كردووه‌ و به‌ سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌وێ ماڵوێران بوون، ئه‌وكات دونیای ئیسلام پێویستی به‌ یه‌كگرتوویی نه‌بوو! یان له‌و ساڵانه‌دا كه‌ سوپای پاسداران به‌ فه‌رمانده‌یی قاسم سوله‌یمانیی تێرۆریست له‌ سووریه‌ خه‌ریكی كوشتار و جینۆساید بوو و ته‌نانەت‌ به‌ بۆشكه‌ی ئاگرین و بۆمبی شیمیایی له‌ قوتابخانه‌كانی منداڵانی سووریه‌ی ده‌دا، دونیای ئیسلام پێویستی به‌ یه‌كگرتوویی نه‌بوو!

یان ئه‌و كاته‌ی كه‌ به‌ فه‌رمانی قاسم سوله‌یمانی چه‌ندین درۆن و مووشه‌ک نران به‌ كۆمپانیای ئارامكۆی عه‌ره‌بستانه‌وه‌ دونیای ئیسلام هیچ پێویست نه‌بوو یه‌كگرتوو بێ!

به‌ڵام ئێسته‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاتی چین پێویستیی به‌ ئارامی له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌، له‌ناكاو پێویستییه‌كانی دونیای ئیسلامیش ئاڵوگۆڕیان به‌سه‌ردا هات! له‌ڕاستیدا قیبله‌ی وه‌لیی فه‌قیه گۆڕدرا و به‌رژوه‌ندییه‌كان و پێویستییه‌كانی ئومولقورای ئیسلامی، واته‌ ڕێژیمی تاران به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ''پێكه‌ن''ی داس و چه‌كوشی زه‌رد، دیاری ده‌كرێن!

گۆڕانكاری له‌ سیاسه‌ت و كرده‌وه‌كانی ڕێژیمی وه‌لیی فه‌قیهی له‌و ئاسته‌ سه‌رسووڕهێنه‌ره‌دا شتێكی تازه‌ نییه‌ و له‌ هه‌ر دوو ده‌ورانی خومه‌ینی و خامنه‌ییدا، ئه‌وه‌ی بنه‌ما بووه‌ بۆیان پاراستنی ده‌سه‌ڵاته‌ شه‌خسییه‌كه‌یان یان به‌ وته‌ی خویان پاراستنی نیزام له‌ واجبترینی واجبه‌كان بووه‌!

به‌ڵام ڕووداوه‌كانی مێژوو هه‌ندێ جار به‌ پێچه‌وانه‌ی مه‌یلی چه‌واشه‌كارانه‌ و هه‌ڵخڵه‌تێنه‌رانه‌ی وه‌لیی فه‌قیه و سوپای تێرۆریستیه‌كه‌ی ده‌چنه‌ پێش و سیمای ترسنۆكانه‌یان زیاتر له‌ جاران ده‌ر ده‌خه‌ن! له‌ ڕێوڕه‌سمێک كه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا قه‌رار بوو وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌بستان و رێژیمی تاران پێكه‌وه‌ كۆنفرانسی ڕۆژنامه‌وانی بده‌ن، لایه‌نی عه‌ره‌بستانی سالۆنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی پێ گۆڕین، چونكه‌ له‌و سالۆنه‌ی دیاری كرابوو، وێنه‌یه‌كی قاسم سوله‌یمانیی تێرۆریست دانرابوو و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌بستان ئاماده‌ نه‌بوو له‌ سالۆنێک بێ كه‌ وێنه‌ی ئه‌و تێرۆریسته‌ی لێ بێ!

هه‌رچه‌ند سه‌ره‌تا وته‌بێژی مه‌ئمووری درۆكردنی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، واته‌ ناسر كه‌نعانی وتی كه‌ ته‌نیا كێشه‌ی تێكنیكی بۆته‌ هۆكاری گۆڕینی سالۆنه‌كه‌، به‌ڵام دواتر خودی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕێژیم له‌ توویتێكدا ده‌ڵێ كه‌ قاسم سوله‌یمانی خۆیشی بۆ یه‌كگرتوویی دونیای ئیسلام ئاماده‌ی وه‌ها كارێک ده‌بوو!!

له‌ڕاستیدا ڕێژیمی تێرۆریستیی كۆماری ئیسلامی ده‌یه‌ویست به‌ به‌ڕێوه‌بردنی كۆنفرانسه‌كه‌ له‌و سالۆنه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌بستان له‌ژێر وێنه‌ی ئه‌و تێرۆریسته‌ دابنێ ئه‌وه‌یش به‌و مه‌به‌سته‌ی كه‌ خۆراكی ته‌بیلغی بۆ به‌سیجی و مێشک چه‌قبه‌ستووه‌كانی ده‌س بكه‌وێ كه‌ گه‌ر پرسیاریان كرد باشه‌ بۆچی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستان پێوەندیتان دامه‌زرانده‌وه‌ مه‌گه‌ر نه‌تانده‌گوت كه‌ ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بستان دایكی فه‌ساده‌ له‌ ناوچه‌كه‌؟ ئه‌وانیش ئه‌و بیانووه‌یان پێ بێ كه‌ بڵێن ئه‌وه‌ نییه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وی عه‌ره‌بستانمان هێنایه‌ ژێر وێنه‌ی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌وه‌ هێژموونیی كۆماری ئیسلامی نیشان ده‌دا!!

به‌ڵام وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌بستان نه‌ڕۆیشته‌ ئه‌و سالۆنه‌ و ناچار بوون له‌ سالۆنی دیكه‌ كۆنفرانسه‌كه‌ بگرن و وێنه‌ی قاسمی تێرۆریستی لێ نه‌بێ و دووباره‌ سه‌لمایه‌وه‌ كه‌ ڕێژیمی ویلایه‌تی فه‌قیهی هێژموونیی نییه‌، به‌ڵكوو له‌وپه‌ڕی لاوازی و ترسی له‌نێوچووندا ملیان بۆ ئه‌و شتانه‌ ڕاكێشاوه‌ و ئه‌وه‌ چین و عه‌ره‌بستانن كه‌ بڕیار به‌سه‌ر ڕێژیمی خامنه‌ییدا ده‌سه‌پێنن!

ڕۆژنامه‌ی لیبراسیۆنی فه‌رانسه‌وی له‌م ڕۆژانه‌دا نووسیبووی كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران خۆیان نیگه‌رانن له‌ شۆڕشی برسییه‌كان! ئه‌وه‌ ڕاستیه‌كی تاڵه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای فره‌نه‌ته‌وه‌ی ئێران به‌ته‌واوی تووشی هه‌ژاری و قه‌یرانی ئابووری بووه‌ و هه‌رچی ڕۆژه‌ هه‌ڵاوسانی ئابووری و گرانبوونی ساده‌ترین شتومه‌كه‌كانی ژیان، بڕستی له‌ خه‌ڵک بڕیوه‌ و ڕۆژ له‌گه‌ڵ  ڕۆژ‌ خه‌ڵک برسیتر ده‌بن و هه‌ر كات و ساتێک ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و مه‌زنه‌ قه‌یرانه‌ هه‌یه‌.

به‌ڵام له‌وه‌ گرنگتر، هه‌ژاریی مێشكی ئه‌و لاینه‌گر و شوێنكه‌وتوانه‌ی ڕێژیمه‌ كه‌ دوای ئه‌و هه‌موو كاره‌ساته‌ كه‌ له‌م وڵاته‌ ده‌یبینن و دوای ئه‌و هه‌موو شته‌ دژ به‌یه‌ک و پێچه‌وانانه‌ی له‌م ڕێژیمه‌ ڕوو ده‌ده‌ن هێشتا چاویان له‌ پڕوپاگه‌نده‌كانی ڕێژیم بێ كه‌ قسه‌یان بۆ بكا و خۆی پێوه‌ فریو بده‌ن!

مێشكی ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ وه‌ها به‌ درێژایی چه‌ندین ساڵ شتی خراپ و ڤایرۆسی تێ چووه‌ و درۆ و چه‌واشه‌كاری و خورافات وه‌ها پڕی بووه‌ كه‌ له‌ مێشک ناچێ به‌ڵكوو له‌ هه‌نبانه‌یه‌كی پڕ شێرپه‌نجه‌ ده‌چێ كه‌ به‌ زانیاریی ڕاست و روون و دروست ڕووناک ناببێته‌وه‌ و دژه‌ ڤایرۆسه‌كان كاری تێ ناكا!

هیچ مێشكێكی ته‌ندروست به‌قه‌د نوكه‌ده‌رزیه‌ک بڕوا به‌ دروشم و چه‌واشه‌كاری و سیاسه‌ته‌ ته‌بلیغییه‌كانی ڕێژیمی ویلایه‌تی فه‌قیهی ناكا. ته‌نیا و ته‌نیا فریوخواردووه‌كان كه‌ خانه‌كانی مێشكیان پڕ بووه‌ له‌ نه‌خۆشی و وه‌هم، بڕوا به‌ پروپاگه‌نده‌ی ڕێژیمێك ده‌كه‌ن كه‌ له‌ سه‌رەمه‌رگدایه‌!

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین