کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزشوانێکی کورد، ١٠ ساڵ دوورخرانەوە و ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا

16:45 - 30 جۆزەردان 2723

پەرهام پەروەری، ئەندازیار و وەزشوانی خەڵکی سەقز، ١٠ سال دوورخرانەوە بۆ زیندانی جاسک و ٥ ساڵ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، پەرهام پەروەری لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی "عەمووزاد"، بە ١٠ ساڵ دوورخرانەوە بۆ زیندانی جاسک لە پارێزگای هۆرمۆزگان و ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری سزا درا. هەروەها ئەم حوکمە ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی جۆزەردان بە بنەماڵەی پەروەری ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردان، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی پەرهام پەروەری لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی "عەمووزاد" بەڕێوە چوو و ناوبراو بە بوونی پارێزەرەکەی، مازیار تاتایی، سەبارەت بە تۆمەتەکانی "موحاربە" و "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" داکۆکیی لە خۆی کردبوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، ئەندازیار پەرهام پەروەری خەڵکی سەقز، لە زیندانی تارانی گەورەوە بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرابوو.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی بەفرانباری ١٤٠١، پەرهام پەروەری لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئەندازیار "پەرهام پەروەری" خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری تاران دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادسەرای ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا.

"پەرهام پەروەری" تەمەنی ٢٥ ساڵە و دەرچووی ئەندازیاریی مێکانیک لە زانکۆی سەنعەتی شاری ورمێیە و "موزەفەر پەروەری" و "سروە سووزەنی" باوک و دایکی پەرهام لە فەرهەنگییانی خانەنشینکراوی شاری سەقزن.

ئەندازیار "پەرهام پەروەری" پلەی سێهەمی مەلەوانیی لە ئاستی ئێراندا هەیە و چەندین خەڵاتی لە ئاستی ناوچەیی و لە بواری خوێندکاری بەدەست هێناوە.