کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەهاری ئەمساڵدا لە کوردستان، ١٧٥ کەس دەسبەسەر کراون

09:57 - 31 جۆزەردان 2723

لە بەهاری ئەمساڵدا لە کوردستان، ٣٥ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون، هەروەها ١٧٥ کەس دەسبەسەر کراون و ٢٠ بەندکراو لەسێدارە دراون.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لە کوردستان، لانیکەم ٣٥ کۆڵبەر کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کە ٧ کەسیان گیانیان لەدەست داوە. هەروەها ١٧٥ کەس بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی لە دژی ڕێژیم گیراون کە ٥٩ کەسیان دادگایی و حوکم دراون.

لەلایەکی ترەوە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٦ مامۆستا و کەسایەتیی ئایینیی کورد لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دەسبەسەر کراون.

هەروەها لانیکەم ٢٠ بەندکراو ئێعدام کراون و دەیان کەسی مەدەنیش بە تەقەی سەرەڕۆیانەی هێزەکانی ڕێژیم و ئەشکەنجەی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدا گیانیان لێ ئەستێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی "چاونیوز"، لە سەرەتای ساڵی زایینییەوە هەتا ئێستا، لانیکەم سزای ئێعدامی ٣٤٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە.

شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم ٥٨٢ زیندانیی ئێعدام کردبوو کە ٦٦ کەس لەوان کورد بوون.