کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان لە زیندانی ڕێژیم لە سنە

12:08 - 31 جۆزەردان 2723

حوکمی سێدارەی هێمن مستەفایی، زیندانیی خەڵکی مەریوان کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای ١٢ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە سنە، جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی جۆزەردان، حوکمی سێدارەی هێمن مستەفایی، خەڵکی شارۆچکەی کانی دیناری مەریوان لە زیندانی ناوەندیی ڕێژیم لە شاری سنە جێبەجێ کرا.

هێمن مستەفایی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی جۆزەردان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە کرابوو.

ناوبراو ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی، بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی پێشووی سپای پاسداران بە ناوی ئیبراهیم محەممەدی لە شاری مەریوان دەسبەسەر کرا. ناوبراو لە کاتی لێکۆڵینەوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە گرتنە ئەستۆی کوشتنی ئەو ئەندامەی سپای پاسداران ببوو.

کەسوکاری ئەم زیندانییە و کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە بەردەم زیندانی ڕێژیم لە سنە کۆ بوونەوە و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی هێمن مستەفایی بوون.