کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی یەک مانگدا، ٥٤ چالاکی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان دەسبەسەر کراون

09:57 - 3 پووشپەڕ 2723

لە ماوەی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاویدا، ٥٤ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستان، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئاماری تۆمارکراوی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، کە ڕۆژی ٣١ی جۆزەردان بڵاو کراوەتەوە، لە ماوەی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاویدا ٥٤ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.

بەشێک لەو دەسبەسەرکراوانە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە، بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکی دیکەشیان تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها بەپێی ئەو ئامارە، ٢٣ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێ کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە دۆسییەکەیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای بەندکران و پێبژاردن و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزادراوانە، بە ١٠١ ساڵ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و ٨ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و لێدانی  ٧٤ زەربە قامچی و چەندین ساڵ دوورخستنەوە لە زێدی خۆیان مەحکووم کراون.