کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاونیوز: لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا لە کوردستان، ٢١ کەس لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە دراون

10:03 - 3 پووشپەڕ 2723

"چاونیوز" ئاماری پێشێلکارییەکانی سێ مانگی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە لە ماوەی سێ مانگدا ١٧٦ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕفێندراون.

بەپێی ئاماری ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز" کە ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی بڵاو کرایەوە، لە ماوەی سێ مانگی وەرزی بەهاری ئەمساڵدا، ٢١ کەس لە کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە دراون و ٣٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون.

بەپێی ئەم ئامارە، لە بەهاری ئەمساڵدا لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، ٧ کۆڵبەر کوژراون و ٢٨ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.

"چاونیوز" ئەوەشی خستە ڕوو کە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا، ١٧٦ کەس لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون، لەلایەکی دیکەشەوە ١٤ کەس بەهۆی تەقینەوەی مین بەسەختی بریندار بوون و لەو ١٤ کەسە یەک کەسیان گیانی لەدەست داوە.