کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاخەوانێکی خەڵکی ئاودانان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

09:19 - 4 پووشپەڕ 2723

وەحید چاوران، شاخەوان و چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئاودانان، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، وەحید چاوران، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەراوباغی سەر بە شاری ئاودانانی پارێزگای ئیلام، لە یەکێک خاڵە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا.

لە ڕەوتی شۆڕشی "ژینا"دا، هێزەکانی ڕێژیم چەند جارێک هەوڵی دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییەیان دابوو کە لە ئاکامی یەکێک لەو هەوڵانەی ڕێژیمدا بەهۆی فڕێدانی گازی فرمێسکڕێژ بۆ نێو ماڵی وەحید چاوران، دوو خوشکی ناوبراو تەندروستییان تێک چوو و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

جێی ئاماژەیە کە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی وەحید چاوران لەبەر دەستدا نییە و چارەنووسی ناڕوونە.