کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم لە سنووری بانە کوژرا

10:09 - 4 پووشپەڕ 2723

کۆڵبەرێک بە ناوی وریا شەریفی و خەڵکی شاری بانە، لە کاتی کۆڵبەری و لە ناوچەیەکی سنووریی ئەم شارە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژرا.

بەپێی هەواڵی ''کوردپا''، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆڵبەرێک بە ناوی وریا شەریفی، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "هەنگەژاڵـ"ـی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ڕێژیم بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو ئەو کۆڵبەرەیان لە سنووری هەنگەژاڵ وەبەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی گوللـە داوە.

لە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم، وریا شەریفی سەری پێکراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە و بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی لە بانە ڕاگوێزراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٥ی جۆزەدانی ئەمساڵیش، هوشیار حەسەنپوور، خەڵکی شاری بانە، لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنووری ''زلە'' گیانی لەدەست دا.

شایانی باسە کە لە ماوەی سێ مانگی وەرزی بەهاری ئەمساڵدا، ٣٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون.