کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادسەرای گشتیی ڕێژیم لە سنە تۆمەتێکی نوێی خستووەتە پاڵ ڕۆژنامەنووسێکی کوردەوە

10:31 - 4 پووشپەڕ 2723

ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی بواری مافەکانی ژنان، لەلایەن دادسەرای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە سنە، بە تۆمەتێکی نوێ لەژێر ناوی هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەردا ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی بواری مافەکانی ژنان کە لە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوییەوە دەسبەسەر کراوە، بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربییەتی ڕێژیم لە سنە گوازراوەتەوە و دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە تۆمەتێکی نوێی لەژێر ناوی هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەردا خستووەتە پاڵ ناوبراو.

شایانی باسە کە پێشتریش ڕێژیم تۆمەتی "بانگەشەی دژ بە حکوومەت و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگەی پێکهێنان و ئەندامبوون لە گرووپ و دەستەی نایاساییدا" خستووەتە پاڵ ئەم ڕۆژنامەوانە کوردەوە.