کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێکی سیاسی بۆ وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئوتریش

20:48 - 4 پووشپەڕ 2723

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش ڕۆژی شەممە ٣ی پووشپەڕ، سیمینارێکی بۆ کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک‌ هێنا.

کاک خالید عەزیزی لەو سیمینارەدا کە بە بەشداریی نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە ئوتریش و کۆمەڵێک لە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانیشتووی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو، سەرەتا بەبۆنەی نیزیکبوونەوە لە ٣٤ ساڵەی تێرۆری ڤییەن تیشکی خستە سەر بەردەوامیی ڕێبازی دوکتور قاسملوو و زیندووبوون و ژیانەوەی بیری قاسملوو لە هەست و دڵ و باوەڕی خەڵکی کوردستاندا.

هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لێکەوتەکانی شۆڕشی ژینا و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەم شۆڕشە، هۆکارەکانی هێرشی بێبەزەییانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵک و بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردستانییەکان، چەند تەوەرێکی باسەکەی کاک خالید بوون کە بەڕیزیان لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لەسەریان دوا.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە درێژەی باسەکەیدا تیشکی خستە سەر ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی نەخشەڕێی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و داڕشتنەوە و دروستکردنەوەی ئێرانی داهاتوو لەسەر بنەمای دەستەبەری ماف و ئازادییەکانی وەک‌یەکی هەموو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە، وەک کیانێکی سیاسیی کۆماری، دێموکراتیک و فیدراڵ.

بەڕێزیان وێڕای خەسارناسیی ڕووداوەکانی دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ژینا ئەرکی حیزبە کوردییەکان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش و هێزە سیاسییەکان لە ئاستی ئیران بۆ بوون بە ئاڵتێرناتیڤی کۆماری ئیسلامیی دەستنیشان کرد.

دوابڕگەی ئەوم سیمینارە بۆ خستنەڕووی سەرنج و پرسیاری بەشداربووان و وڵامی وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لەگەڵ ئەو باسانەدا تەرخان کرابوو.