کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٣٥ـەمین کۆنگرەی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیستدا

21:06 - 4 پووشپەڕ 2723

سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١ی پووشپەڕ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، بە بەشداریی زیاتر لە ١٥٠ ڕێکخراوی لاوانی جیهان لە ناوچەکانی ئاسیا، ئورووپا، ئەمریکا، ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ٣٥ـەمین کۆنگرەی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست لە پێتەختی وڵاتی پاناما بەڕێوە چوو. باس و بابەتەکانی ئەم کۆنگرەیە تایبەت بوون بە ئاریشەکانی لاوانی جیهان و کاریگەریی پۆپۆلیزم لەم سەردەمەدا.

شاندی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەندامی کارا و هەمیشەیی ئەو ڕێکخراوە جیهانییە، پێکهاتوو لە کەماڵ محیەدینی و سۆفیا ئەمینی بە گەڵالەکردنی سێ بڕیارنامە لەم کۆنگرەیەدا توانییان زۆرترین کاتی کۆنگرە بۆ باس لەسەر پرسی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەرخان بکەن و بە کۆی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بڕیارنامەکان پەسەند بکەن.

ئەو بڕیارنامانە بریتی بوون لە: بڕیارنامەی تایبەت بە شۆڕشی ژینا و لێکەوتەکانی، بڕیارنامەی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و سیستمی حوکمڕانی داهاتوو لەم وڵاتە و بڕیارنامەی هاوپێوەندیی کۆنگرە و ئەندامانی ڕێکخراوی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست لەگەڵ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

وەک لە ڕاپۆرتەکەی بەشی ڕاگەیاندنی یەکیەتیی لاواندا هاتووە، بڕیارنامەی تایبەت بە شۆڕشی ژینا باس لە چۆنیەتیی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و جینایەتەکانی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران و کوردستان، هەروەها مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور دەکات کە کۆنگرە بە کۆی دەنگ عەلی خامنەیی وەک بڕیاردەری سەرەکیی ئەم جینایەتانە ناساند و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە گوشاری زیاتر بخاتە سەر ڕێبەری ڕێژیم و سەرجەم ئۆرگانە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی سپای پاسداران لە دادگایەکی عادڵانەدا سزا بدرێن.

بڕیارنامەی دووەمیش کە تایبەت بوو بە تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و سیستمی حوکمڕانیی داهاتوو، تێیدا چەند داواکارییەک بەرجەستە کراوە، وەک: لە ئێرانی نوێدا نەتەوە جۆراوجۆرەکان و ئایینە جۆراوجۆرەکان مافەکانیان لە یاسای بنەڕەتیدا بچەسپێندرێت. مافی چارەنووسی نەتەوەکان سەرەتای‌ترین مافە کە دەبێ لە یاسای ئێرانی داهاتوودا بۆ نەتەوەکان بگونجێندرێت. گەلانی ئێران ئەزموونی ڕێژیمی پاشایەتییان هەیە و دەسەڵاتی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیشیان دیوە، بۆیە مافی خۆیانە ئەو دوو سیستمە ڕەت بکەنەوە و سیستمێکی دێموکراتیک و ئازاد و سێکۆلار دابمەزرێنن. هەر دەسەڵاتێک لە تاران کە تەعبیر لە تاکڕەوی و فاشیزم بکات مەحکوومە بە شکست، بۆیە پێویستە مافی بەرابەر بۆ هەموو نەتەوەکانی ئێران وەک یەک ڕەچاو بکرێت. ژنان و لاوان کە پێشەنگی ئەم شۆڕشە نوێیەن و قوربانیی زۆریان داوە، پێویستە ماف و ئازادییەکانیان یاسامەند بکرێت کە بریتین لە: مافی بەشداریی سیاسی، مافی خاوەنداریەتی، مافی پەروەردە، مافی ئاسایش لە شوێنی کار و هەروەها ئازادیی جلوبەرگ.

 کۆتا بڕیارنامەکەش کە تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، تەرخان کرابوو بۆ هاوپێوەندیی کۆنگرە و ئەندامانی ڕێکخراوی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست لەگەڵ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هێرشی مووشەکیی سەر قەڵای دێموکرات سکرتارییەتی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتیش کرایە ئامانج و هەروەها ئەندامانی یەکیەتیی لاوان لە ماڵ و حاڵیان ئاوارە بوون.

لەم کۆنگرەیە بڕیار درا بۆ پێکهێنانی کەمپینێک بۆ هاوپێوەندی لەگەڵ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هاوپەیمانێکی سەرەکی و جیددیی ڕێکخراوە سۆسیال دێموکراتەکانە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران. هەروەها بڕیار درا کە کۆنفڕانسێکی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت و ڕێکخراوە ئازاد و پێشکەوتنخوازەکانی جیهان لەو کۆنفڕانسەدا ئەزموونەکانیان لەگەڵ لاوانی کورد هاوبەش بکەن و لە نزیکەوە دۆخی لاوانی ڕۆژهەڵات و یەکیەتیی لاوان ببیننن.

شاندی یەکیەتیی لاوان لە پەرواێزی کارەکانی کۆنگرە زنجیرەیەک دیدار و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ لاوانی دیکەی وڵاتانی جیهان بە تایبەت ئورووپا هەبوو. بەمجۆرە دوای سێ ڕۆژ کاری بەردەوام ڕۆژی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕ، کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ بە هەڵبژاردنی سەرۆک و سکرتێر و ستافی نوێی سکرتاریا کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

شایانی باسە لە کوردستان لاوانی حیزبی دێموکرات، لاوانی یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان و لاوانی هەدەپە لەو ڕێکخراوە جیهانییەی لاواندا ئەندامن.