کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەربازێکی کورد لە تاران کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

09:25 - 5 پووشپەڕ 2723

سەربازێکی کوردی خەڵکی کرماشان بە ناوی یوونس دارابی، لە کاتی تێپەڕکردنی ماوەی خزمەتکردنی زۆرەملێی سەربازیدا، لە بنکەیەکی سەربازیی شاری تاران کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی "هەنگاو"، ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی جۆزەردان، هاووڵاتییەک بە ناوی یوونس دارابی، خەڵکی گوندی "بریمەوەن"ی سەر بە ناوچەی ناوەندیی شاری کرماشان، لە بنکەیەکی ئینتزامیی شاری تاران، هەوڵی خۆکوشتنی دا و لە ئاکامدا گیانی لەدەست دا.

ئەم سەربازە کوردە دوای ئەوەی کە بە زیادکردنی ماوەی سەربازییە زۆرەملێیەکەی سزا دراوە و هەروەها لەلایەن بەرپرسەکانییەوە دەسبەسەر کراوە، لە بنکەیەکی ئەو هێزانە لە شاری تاران حەبی خواردووە و بەو شێوەیەش کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

شایانی باسە کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، لانیکەم ٤ سەربازی کورد لە بنکە سەربازییە جۆراوجۆرەکانی شارەکانی ورمێ، قەسری شیرین، عەجەبشێر و تاران، بەو چەکانەی کە لە کاتی خزمەتکردنی زۆرەملێی سەربازیدا پێیان بووە، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.