کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی نالەباری کەماڵ شەریفی، بەندکراوی سیاسیی کورد

11:12 - 7 پووشپەڕ 2723

کەماڵ شەریفی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە ١٥ ساڵە لە زیندانە، تەنیا نیوەی سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕاندووە و لە هەموو مافەکانی بەندکراوێک بێبەری کراوە و لە بەندیخانەی میناب لانیکەم دوو جار جەڵتە لێی داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، کەماڵ شەریفی، تەمەن ۵١ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بەندکراوی سیاسی و ڕۆژنامەنووسی کورد کە ماوەی ١۵ ساڵە لە بەندیخانەدایە، تاکوو ئێستاش لە بەندی تاوانە مەترسیدارەکانی بەندیخانەی میناب لە پارێزگای هۆرمۆزگان ڕاگیراوە و لە مافە سەرەتاییەکانی وەک مافی ئازادیی کاتی و تەنانەت مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە دادگایەکی ۵ خولەکی و لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شەقایەق" بە تۆمەتی "موحاربە لە ڕێگەی ئەندامیەتی لە حیزبی دێموکرات"، سزای ٣٠ ساڵ بەندکردن و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی میناب بەسەریدا سەپێندرا، هەروەها لە هەموو مافەکانی بەندکراوان وەک ئازادیی کاتی، کارکردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەر جۆرە پێوەندییەکی تر بێبەش کراوە.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ، بە نامرۆڤانەترین و دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجە کراوە و دووجار تووشی جەڵتەی مێشک و جەڵتەی دڵ بووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ١١ ساڵ لەمەوبەر، لە ٤٨هەمین ڕۆژی مانگرتنی لە خواردن تەنیا یەک جار ڕێگەی پێ دراوە بۆ ماوەی چەند خولەکێک براکەی و دایکی ببینێت. ناوبراو لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "تەنانەت ڕێگەم پێ نەدراوە لەگەڵ دایکم بە زمانی کوردم قسە بکەم، لە کاتێکدا دایکم ناتوانێت بە فارسی قسە بکات، ناچارمیان کردووە بە فارسی قسەی لەگەڵ بکەم". ئەم چاوپێکەوتنە کورتە بە فەرمانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتن لە خواردنی ئەو بەندکراوە بووە.

کەماڵ شەریفی، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۵ی جۆزەردانی ١٣٨٧ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە و لە هەمان ڕۆژ بە فەرمانی داواکاری گشتیی شاری سەقز، دەست و پێ و چاویان بەستووە و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە  و ساڵێک دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی میناب گواستراوەتەوە.