کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگواستنی دوو هاووڵاتیی کورد بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە

10:23 - 9 پووشپەڕ 2723

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی میلاد فازڵ‌پوور و هێمن حوسێنی، خەڵکی سەقز، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی میلاد فازڵ‌پوور، خەڵکی گوندی "مەلقەرەنی" سەر بە شاری سەقز و هێمن حوسێنی، خەڵکی سەقز، بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە ڕاگوێزران.

ئەم دوو هاووڵاتییە، تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کرابوون.

هەروەها لە چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانیان، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٥ی پووشپەڕ، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.