کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی مافی ژنان بە "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دوژمن" تۆمەتبار کراوە

12:25 - 9 پووشپەڕ 2723

ژینا مودەڕس‌گورجی، چالاکی مافی ژنان کە لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ڕێژیم لە سنەیە، بە "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دوژمن"، تۆمەتبار کراوە.

بەپێی ڕاپۆتی "کوردپا"، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ژینا مودەڕس‌گورجی، چالاکی مافی ژنان کە لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ڕێژیم لە  سنەیە، لەلایەن لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە سنە، بە "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دوژمن"، تۆمەتبار کراوە.

بانەمەڕی ئەمساڵ، لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە سنە، سکاڵای ژینا دژی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لەمەڕ زەوتکردنی ئازادیی تاکەکەسی، بێبەریکردن لە یاساکانی یاسای بنەڕەتی، ڕفاندن، لێدان و توندوتیژی و بێڕێزی بە مرۆڤەکانی ڕەت کردەوە و هێزەکانی ئیتلاعاتی لەمبارەوە بێتاوان ناساند.

ڕۆژی ٩ی بانەمەڕی ١٤٠٢، لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە سنە بە سەرۆکایەتیی "عەلیڕەزا فاریابی"، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، سکاڵاکەی ژینا مودەڕس‌گورجیی ڕەت کردەوە.

پارێزەرەکانی ژینا بەهۆی ئەنجامنەدانی لێکۆڵینەوەی قەزایی و گرینگینەدان بە بەڵگەکان، لەهەمبەر دەنگی دادگا ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای ڕەتکردنەوەی دەنگەکەی دادگایان کرد و خوازیاری ئەوە بوون کە کەموکوڕییەکانی لێکۆڵینەوەکە ڕابگەیەندرێت.

ژینا، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی سەفەریی سنە بە توندوتیژیی هێزەکان دەسبەسەر کرا و پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لێپرسی دۆسییەکەی، بارمتەکەی بۆ یەک مییلیارد تمەن بەرز کردەوە.

ناوبراو پێش لە دەسبەسەرکران لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە بانگ کرابوو و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لێ کردبوو کە لە ئەگەری بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنەدا، "خۆر بە چاوی خۆی نابینێت."