کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی ١٩ کەس لە هاووڵاتییانی ئاودانان بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم

10:26 - 14 جۆزەردان 2723

پاش قەتڵی گوماناویی "بامشاد سولەیمان‌خانی" تەمەن ٢١ ساڵ، خوێندکاری زانکۆ و خەڵکی ئاودانان و پاش مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی ئەو شارە، هێزەکانی ڕێژیم ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و ١٩ کەس بریندار بوون.

شەوی پێنجشەممە ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، خەڵکی ئازا و بوێری ئاودانان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە قەتڵی گوماناویی "بامشاد سولەیمان‌خانی" ڕاژانە سەر شەقامەکانی ئەو شارە و هێزەکانی ڕێژیم ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵکی ئەو شارە کرد و ١٩ کەس لە هاووڵاتییانی ئاودانان بریندار بوون و چەندین کەسیش لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

لەم پێوەندییەدا عیسا بازیار، چالاکی سیاسی- مەدەنیی خەڵکی ئاودانان لە وتووێژێک لەگەڵ "کوردپا" وتی: ١٩ کەس لە هاووڵاتییانی ئاودانان لەو ناڕەزایەتییەدا بە گوللـەی ساچمەیی بریندار بوون کە دوو کەسیان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە چاویان کراوەتە ئامانج و عارف محەممەدی یەکێک لەو کەسانەیە کە چاوێکی لەدەست داوە و ئەو چاوەکەی دیکەشی لەژێر نەشتەرگەریدایە.

هەروەها ئەو چالاکە سیاسییە ڕایگەیاند کە لە ناڕەزایەتی دەربڕینەکەی ١١ی جۆزەردان، چەندین کەس لە هاووڵاتییانی ئاودانان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمە بەبێ هیچ هۆکارێک دەسبەسەر کراون.

عیسا بازیار، لە پێوەندی لەگەڵ میلیتاریزەکردنی شارەکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە وتی: ڕێژیم هێزێکی تایبەتی لە "ئەندیمشک و خوڕەماوا"وە هێناوەتە ئاودانان کە زیاتر لە ٥٠ ماشینن و گرێبەستێکی ٢ مانگەیان لەگەڵ ساڵۆنێکی نانخواردن بەستووە و ئەو هێزانە سەرلەئێوارە تا بەرەبەیانی لەنێو شەقامەکانی ئاوداناندا دەسووڕێنەوە.

بامشاد سولەیمان‌خانی، تەمەن ٢١ ساڵ خوێندکاری زانکۆ و خەڵکی ئاودانان و نیشتەجێ لە دێهلوڕان، لە کاتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیم بە دروشمی ژن ژیان ئازادی، دوو جار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا کە جاری دووەم پاش گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە بارودۆخی تەندروستیی تێک دەچێت و پاشان بۆ نەخۆشخانەی دێهلوڕانی دەگوازنەوە.

ناوبراو پاش ئەوەیکە لە نەخۆشخانەی دێهلوڕانەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیلام، پاش سێ ڕۆژ بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.