کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ١٢ی جۆزەردان، ڕۆژی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ

10:50 - 15 جۆزەردان 2723

ڕۆژی شەممە ١٣ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و  نوێنەری چەند حیزب و ڕێکخراوەی سیاسی و مافی مرۆیی لە شاری سترۆمێن، کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوکاریی ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسی لە دەرەوەی وڵات، ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.

لەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کامیل ئوستاد ئەحمەدی، بەرپرسی ئەو ئەنجومەنە لە دەرەوەی وڵات پێشکەش کرا.

لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتبوو: کۆماری ئیسلامیی ئێران پتر لە ٤٤ ساڵە بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک و سەپاندنی یاسا دژە گەلییە نووسراو و نەنووسراوەکانی، بە توندترین شێوە لەگەڵ جیابیران و دژبەرانی خۆی جووڵاوەتەوە. بە تایبەتی لە کوردستان کە نەتەوەی کورد ڕیفڕاندۆمی "کۆماری ئیسلامی نە یەک وشە زیاد و نە یەک وشە کەمـ"ـی ڕەت کردەوە. 

ئەو ڕێژیمە نەگبەتە لە دەیەی یەکەمی تەمەنی خۆیدا کە بە دەیەی مەترسیدار ناو دەبردرێت، زیاتر لە ٤٠ ئێعدامی بەکۆمەڵی لە بەندیخانەی پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ، و شارەکانی دیکەی ئێران بەتایبەتی لە تاران و لە بەندیخانەی ئێڤین و گوهەردەشتی کەرەج، لەسەر بەندکراوانی سیاسیی کورد جێبەجێ کرد.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن ئیدریس هەمزەیی، ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی نۆروێژ پێشکەش کرا.

لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتبوو: بەردەوامیی خەبات و ئەرک‌وەخۆگریی لاوان و هەست بە بەرپرسایەتی لەهەمبەر چارەنووسی گەل و نیشتماندا کە لە شۆڕشی ژینادا تابلۆیەکی هەرەجوانی بە خوێن‌نەخشاوی خستەوە بەرچاو، بە هەمووان دەڵێت نە ئێعدام و نە تێرۆر، نە کۆمەڵکوژی و قەڵاچۆ، نە بەندیخانە و ئەشکەنجە و نە زیاتر لە چوار دەیە سەرکوتی خوێناوی نەیانتوانیوە ئیرادەی خەڵکی کوردستان تێک بشکێنن و شکان و دەستەوەستانی و زەبوونی لەهەمبەر ئەو ئیرادەیەدا، هەر بە بەژنی ڕێژیم بڕاوە کە بەشێکی ئەو سەروەرییە بۆ خۆڕاگریی زیندانییە سیاسییەکان لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدا دەگەڕێتەوە.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات لەلایەن سەید لوقمان حوسێنی، ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی نۆروێژ، پێشکەش کرا.

لە بەشێک لە پەیامەکەی کاک "مستەفا هیجریـ"ـدا هاتبوو: بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم بۆنەیە، سەری ڕێز و ئەمەگناسی بۆ هەموو بەندکراوانی سیاسیی کورد، هەموو شەهیدان و قوربانییانی نێو چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی دژەکوردی ئێران دادەنوێنین. نەسرەوتنی ڕۆڵە بە بیروباوەڕ و شۆڕشگێڕەکانی کورد و خۆڕاگرییان، هیوابەخشی داهاتوویەکی گەش و ئازادە بۆ نیشتمانەکەمان.

پاشان پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکرات بەبۆنەی ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لەلایەن ژیلا ساڵحییەوە پێشکەش کرا.

دواتر دوکتور جەواد دانشپەژوو، باسێکی لەژێر ناوی "کوشتاری خەڵکی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێگا یاساییەکان بۆ لێپرسینەوەی قەزایی"، مریەم عەلیپوور باسێکی لەژێر ناوی "زیندانیی سیاسی و قوربانییەکانی" و حەسەن حاتەمی باسێکی لەژێر ناوی "زیندانیی سیاسی لە کۆماری ئیسلامیدا"، پێشکەش بە بەشداربووان کرد.