کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ وەک نێعمەتێک بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران

11:05 - 15 جۆزەردان 2723

سمایل شەرەفی

لەشکرکێشییەکانی حکوومەتی تاڵبان لە ئەفغانستان بۆ سنورەکانی لە گەڵ ئێران و هاوکات جووڵەی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شار و ناوچەکانی کوردستان، باس و خواسی جۆراوجۆری لێ کەوتۆتەوە. هی یەکەمیان بە ڕواڵەت پێوەندی بە کێشە و ناکۆکیی دوو وڵات لە سەر ئاوی ڕووباری هیرمەندەوە هەیە کە تاڵبان ئیدیعا دەکات بە هۆی ویشکەساڵی و بێ‌بارانییەوە، ناتوانێ ئاودیوی سنوورەکانی ئێران بێت و کۆماری ئیسلامیش پێی وایە کە تاڵبان کەڵەوەکێشی دەکات و بە ئەنقەست هیرمەندی گرتۆتەوە. لەشکرکێشییەکانی سەر کوردستانیش لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێوەندیی دەدرێت بە بوونی حیزبە کوردییەکان و هەڕەشەیان بۆ سەر ئەمنیەت و ئاسایشی سەر سنوورەکان!!.

ئەوەندەی پێوەندی بە کێشەی ئاوی هێرمەند و ئاڵۆزییەکانی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێران لەگەڵ ئەفغانستانەوە هەیە، هەر دوو وڵات بە پێی ئەو ڕێکەوت و پڕۆتۆکۆڵانەی لە سەر چۆنیەتی کەڵک وەرگرتنی هەر دوو وڵات لە هیرمەند لە نێوانیان‌دا هەیە، زۆر بە ئاسانی دەکرا و دەکرێ بەدواداچوونی بۆ بکرێ و چارەسەر بکرێ. بەڵام ئەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و لەسەروو هەمووانەوە ڕەئیسی، سەرکۆماری ڕێژیم بە هەڕەشە و گوڕەشە و زمانی زبرەوە هاتنە سەر خەت و تاڵبانەکانیش بە گاڵتە و هەڕەشەوە وڵامی لێدوانی ئێرانییەکانیان دایەوە، دەرکەوت کە لانیکەم کۆماری ئیسلامی نەتەنیا بە دوای چارەسەردا ناگەڕێ، بەڵکوو بە هێندێک مەرام و مەبەستی دیکە کە ئاماژەیان پێ دەکەین، لە شەڕ و ئالۆزی دەگەڕێ.

لە پێوەندی لەگەڵ لەشکرکێشییەکانی بۆ کوردستان کە بە کردەوە کوردستانی کردۆتە پادگان و میلیتاریزەی کردوە، ئیدیعای پاراستنی ئەمنیەتی سنوورەکانی لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و هەڕەشەکردنی لە حیزبەکانی کوردستان، جیا لە بیانوو و پاساو بۆ ئەم لەشکرکێشییە و ترسی لە بابەتێکی دیکە، شتێکی دیکە نیە. هەموو لایەک و خودی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش باش دەزانن و ئاگادارن کە لانیکەم لە جەریان شۆڕشی ژینادا، حیزبەکانی کوردستان نەتەنیا چووکەترین جووڵەی چەکدارییان نەبووە، بەڵکوو ڕاست لە پیناو پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ڕێژیم‌دا داوایان لە خەڵک ئەوە بووە کە خۆ لە توندوتیژی بپارێزن و بە شێوازێکی هێمنانە و مەدەنی و جەماوەری، درێژە بە شۆڕش و ناڕەزایەتییەکانیان بدەن.

کەوابوو ئاڵۆزیی‌نانەوەی ڕێژیم لە سنوورەکان و لێدانی کەڕەنای شەڕ نە بۆ داکۆکیکردن لە مافی خەڵکی سیستان و بەلوچستانە کە بە هۆی نەهاتنی ئاوی هیرمەندەوە زەرەرمەندی سەرەکین و نە پاراستنی ئەمنیەتی سنوورەکانی ڕۆژئاوای وڵاتە، بەڵکوو مەسەلەکە شۆڕشێکی پێکهاتەشکێن و لێبڕاوە کە ئامانجە سەرەتاییەکەی، ڕوخان و تێکەوەپێچانی ئەم ڕیژیمەیە لە تەواویەتی خۆی‌دا.

کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە چەخماخەکەی لە کوردستان لێ دراو و تەواوی ئێرانی گرتەوە و بەلوچستان بوو بە نمادی بەردەوامیی ئەم شۆڕشە، پەنای بۆ هەموو پیلان و پاساوێک برد. لە بە تەجزییەتەڵەب ناوهێنانی حیزبەکانی کوردستان کە هێرشی مووشەکی کردنە سەر تا بەستنەوەی شۆڕشەکە بە پیلانگێڕیی دەرەکی. بەڵام وەک دەرکەوت هیچ کام لەم پیلانانە سەری نەگرت و پێوەندیی نێوان گەلانی ئێران لەم چەند مانگەدا پتر لە جاران پتەویی و یەکگرتویی بەخۆوە بینی.

بە پێی ئیدئۆلۆژییەک کە خودی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەسەر دامەزراوە، تەنیا "نێعمەتی شەڕ" و قەیرانخوڵقێنی و ئاژاوە نانەوەیە کە بە مێشک و بیرکردنەوەی کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمەدا دێت بۆ داڕشتنی نەخشە ڕێگایەک بۆ خۆ دەربازکردن لەو قەیران و کێشانەی کە تێی دەکەون. بۆیە لە شەرایەتی ئێستادا ئەوەی دەتوانێ ببێتە هۆکاری دەستئاوەڵەیی ئەم ڕێژیمە لە گرتنە پێشی بەرخودی سەخت لەگەڵ شۆڕشگێڕانی سەر شەقامەکان و شەڕ لە گەڵ شۆڕشی ژینا، نانەوەی شەڕ و ئالۆزی و قەیرانێکی دیکەیە.

کاربەدەستانی ڕێژیم و بێشەرمتر لە هەمووان، عەبدوڵاهییان، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕیژیم، لە سەر کێشەی ئاوی هیرمەند ئیدیعا دەکات کە ئەوان ناتوانن لە مافی خەڵکی سیستان و بەلوچستان لە کەڵک وەرگرتن لە ئاوی ئەم ڕووبارە خۆش بن!!. ئەوە لە حاڵێک دایە کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەکەی عەبدوڵاهیان بە سەدان کەسیان لە خەڵکی بەلوچستان تەنیا بە تاوانی ناڕەزایەتی دەربڕینیان و بەشداریی هێمنانەیان لەم ناڕەزایەتییانەدا خەڵتانی خوێن کرد و بە هەزارانیان بریندار و بە هەزارانی دیکەیان ڕەوانەی چاڵە ڕەشەکان کرد. کەوابوو ڕێژیم نەتەنیا چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی بەلوچستانی – کە سیاسەتە غەڵەتەنانی خۆیان هۆکاری ویشکەساڵی و کەمئاویی لەم ناوچەیەیە – بە خەیاڵدا نایەت، بەڵکوو ڕاست دەیهەوێ کێشەی ئاوی هیرمەند لە گەڵ تاڵبان بکاتە ئامراز و بیانوویەک بۆ بەئەمنیەتیکردنی سنوورەکان و نانەوەی هێندێک وردە شەڕی لە گەڵ تاڵبان و لەم ڕێگەوە بە بیانووی وەمەترسی کەوتنی "ئەمنیەتی نەتەوەیی"!! دەستی بۆ سەرکوتی خەڵکی مافویستی بەلوچ زیاتر ئاوەڵا بێت.

لە کورستانیش چیرۆکەکە هەر ئەوەیە کە زیاتر لە چل ساڵە بەردەوام لە دووپاتبوونەوە دایە. لەشکرکێشییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی ڕێژیم بۆ کوردستان و مۆڵدانی هێزێکی سەرکوتکەری پڕچەک لە نزیک شارەکانی جوانڕۆ و مهاباد کە لە شۆرشی ژینادا زۆرترین هێرشیان کرایە سەر و خەڵکەکەی کەوتنە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێژەکانی ڕیژیم، لە لایەک نیشانەی ترسی رێژیم لە ئیرادەی لەبڕاننەهاتووی خەڵکی کوردستان بۆ خەبات لە پێناو مافویستی و گەیشتن بە ئازادی و کەرامەتی ئینسانییە و، لە لایەکی دیکەش هەوڵێکە بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێران کە بەڵێ ئەمنیەتی میللی وڵات لە مەترسی دایە و کوردەکان هۆکاری ئەم مەترسییەن!!، بۆیە دەبێ سەرکوت بکرێن و ئێوەش؛ ئەی خەڵکی ئێران! بزانن کە "ئێران" لە مەترسی دایە و ئەوەی لە ئێستادا لە هەموو شتێک گرینگترە پاراستنی وڵاتە لە تەجزییە بوون!!. ئەمە ئەو درۆ گەورە و شاخدارەیە کە کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵێکی ئەوەیە کە خەڵکی ئێران باوەڕی پێ بێنن.

خەڵکی ئێران لە شۆڕشی ژینادا بە درووستی و زۆر ڕاشکاوانە وڵامی ئەم درۆ و دەلەسانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان دایەوە. کاتێک کە خەڵکی تاران پڕ بە شەقامەکان هاواریان دەکرد؛ "اگر تهران کوردستان شود، ایران گلستان شود"، دەرکەوت کە لە پایتەختی ئێرانەوە ئەوە تەنیا دەنگی تریبوونەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نیە کە بە درۆ و چەواشەکارییەوە هەوڵی خەوشدارکردنی کورد و کورستان دەدات، بەڵکوو دەنگی دیکەش هەن و زۆرن کە کوردستان وەک نموونەی جوانی و کورد وەک کاراکتەرێکی ئەمڕۆیی و مودێڕن پێناسە دەکات.

هەوڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ نانەوەی کایەیەکی دیکەی ئەمنیەتی لە سنوورەکانی وڵات، هیچ هۆکارێکی دەرەکی نیە و پاراستنی ئەمنیەتی میللی جیا لە ئیدیعایەکی گاڵتەجاڕانە ناتوانی هیچ شتێکی دیکە بێت. هەموو ئەم هەوڵ و پیلانانە بۆ ترسێک دەگەڕێتەوە کە ڕێشەی لە نێو خۆی وڵات و ئیرادەی گۆڕانخوازانەی گەلانی ئەم وڵاتەدا هەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران جیا لە زمانی هەڕەشە و بەرخودی سەرکوتکەرانە هیچ وڵامێکی پێ نیە. بۆ ئەم سیاسەت و نەخشە ڕێگایەشی، دەستی داوەتە قەیرانخوڵقێنی و لەشەڕ دەگەڕێ.