کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی هەیئەتێکی حیزبی دێموكرات لەگەڵ دوو ڕێكخراوەی نۆروێژی

11:35 - 15 جۆزەردان 2723

هەیئەتێک لە نوێنەرانی بەشی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەلسینکفۆرش کۆمیتە لە وڵاتی نۆروێژ) و پارتی سۆسیالیستی چەپ لە پارلمانی وڵاتی نۆروێژ بەشداریی کرد.

ڕێكەوتی ١٢ی جۆزەردان، هەیئەتێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، كە پێکهاتبوون لە گەلاوێژ محەممەدی، ئیدریس ئابدە و کەریم ئەڵڵاوەیسی، بەشداریی کۆبوونەوەیەکی تاوتوێکردن و خەسارناسیی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد.

لەم کۆبوونەوەدا کە لەلایەن پارتی سوسیالیستی چەپ لە نۆروێژ و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ پێک هێندرابوو، زۆر کەسایەتی و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی و کوردی وەک ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕۆژهەڵات و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی و زۆر کەسایەتی و چالاکوانی مافی مرۆڤ وەک مەجید حەققی لە وڵاتی فینلاند بۆ خەسارناسی و هەڵسەنگاندنی مافی مرۆڤ لە ئێران بابەتیان پێشکەش کرد.

هەروەها چەندین شایەتحاڵ و چالاکوانی ئەدەبی باسیان لەسەر ئەستەمبوون و سانسۆری توندی کۆماری ئیسلامی لە ئێران کرد کە چۆن بەتوندی تەنگی بە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی چالاکیی سیاسی و مەدەنی لە ئێراندا هەڵچنیوە.

لەم کۆبوونەوەدا بەشداربووانی حیزب بۆڵتێنێکی لە پێش ئامادەكراو لەسەر پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ مافی مرۆڤ و توندوتیژیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران لەمەڕ چالاكانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕادەستی کارگێڕانی کۆبوونەوەکە کرد.

 لە کۆبەندی کۆتایی کۆبوونەوەکە هەردوو پارتی سوسیالیستی چەپ لە نۆروێژ و ڕێکخراوی هەلسینکفۆرش لە نۆروێژ بەڵێنییان دا کە بۆچوون و ڕاپۆرتەکانی بەشداربووان بە دامودەزگای نۆروێژی بگەیەنن و داوای هەڵوێستی پێویست لە دەوڵەتی نۆروێژ لەسەر سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا بکەن.