کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئۆتریش لەگەڵ ئەندام پارلمانێکی ئەو وڵاتە

11:30 - 16 جۆزەردان 2723

بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئۆتریش، لەگەڵ دوکتور هێلموت براندشتێتەر، ئەندام پارلمان لەسەر لیستی لیبراڵ- دێموکراتەکان و بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی لیبراڵ دێموکرات لە پارلمانی ئۆتریش دیدارێکیان پێک هینا.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٥ی جۆەردان، محەممەد فەقێ عەلی، بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئۆتریش، سەردانی دوکتور هێلموت براندشتێتەر لە نووسینگەی کارکەی لە کلوبی پارلمانتەرانی حیزبی لیبراڵ- دێموکرات  لە پارلمانی ئۆتریش کرد.

لە دانیشتنێکی یەک کاتژمێریدا، نوێنەری حیزب وێڕای گەیاندنی ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە دەستی دوکتور براندشتێتەر و چەند کەس لە هاوکارەکانی، لە باسێکی چڕوپڕدا، چەندین بابەتی گرینگی بۆ هەریەک لە دوکتور براندشتێتەر و هاوکارەکەی  خاتوو ناتالی رایدل، ڕوون کردەوە.

لە درێژەی باسەکاندا محەممەد فەقێ عەلی باسێکی کورتی لەسەر مێژووی حیزبی دێموکرات و خەباتی ئەم حیزبە و خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پرسی کورد کرد و دواتر لەسەر شۆڕشی ژینا و سەرهەڵدان و دروستبوونی ئەم دەرفەتە لە کوردستان و پەرەسەندنی لە کات و زەمانێکی کەمدا بۆ سەرانسەری ئێران قسەی کرد.

پاشان محەممەد فەقێ عەلی چەند داواکاریی وەکوو ''پشتیوانی لە دۆزی ڕەوای کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێناسەکردنی ئێران وەک وڵاتێکی فرە نەتەوە، بەشداریی نەتەوەکانی ئێران لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان''، خستە ڕوو.