کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگاو: لە یەک مانگی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی ١٤٢ بەندکراوی لە ئێران لەسێدارە داوە

16:10 - 11 جۆزەردان 2723

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، لانیکەم سزای سێدارەی ١٤٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراون و بە شێوەی نێونجی، هەر دوو ڕۆژ ٩ بەندکراو لەسێدارە دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" کە ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردان بڵاوی کردەوە، لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٣دا، لانیکەم ١٤٢ بەندکراو لە بەندیخانە جیاجیاکانی ئێراندا لەسێدارە دراون کە ٣٧ لەسەدی کۆی ئەو ئامارەش بەندکراوانی بەلووچ و کورد بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٣١ بەندکراوی بەلووچ، ٢٢ بەندکراوی کورد، ٩ بەندکراوی تورک و ٦ هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستانیش لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لەسێدارە دراون و لەو ڕێژەیەش هێشتا ناسنامەی ٣٧ بەندکراویان ڕوون نەبووەتەوە.

هەنگاو ڕایگەیاندووە کە لە کۆی گشتیی ئەو ١٤٢ بەندکراوە کە لەسێدارە دراون، ٦ بەندکراویان بە تۆمەتی سیاسی و باوەڕی ئایینی لەسێدارە دراون.

شایانی باسە کە لە ماوەی ئەم مانگەدا سزای سێدارەی ژنێک لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد و هەروەها سزای سێدارەی پیاوێک لە شوێنێکی گشتیی شاری مەراغە و لەپێش چاوی خەڵکەوە جێبەجێ کراون.

لە دەستپێکی شۆڕشی ژینا لە ئێران و کوردستان لە خەرمانانی ساڵی پێشەوە، ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران زۆر زیادی کردووە و کۆماری ئیسلامی دەیەوێت بە دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن، دەنگی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەتەواوەتی کپ بکات.