سمایل شەرەفی
درووشمی "قاسملوو، قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە" یەکێک لەو دەگمەن درووشمانەیە کە زیاتر لە سێ دەیەیە بە دارو دیوار و شەقامەکانی کوردستانە خۆ دەنوێنێ. ئەم درووشمە لەسەر هەزاران دیواری کۆڵانەکانی شار و ئاواییەکانی کوردستانەوە نووسراوە و بە هەزاران هەزار کەس لە جەماوەری خەڵکی کوردستان لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بە دەنگی بەرز وتوویانەتەوە و دەیڵێنەوە.
لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لە کوردستان ئەم درووشمە دوای درووشمی "ژن، ژیان ئازادی"، بەرزترین هاواری خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان بوو کە هەردوێنێ شەو لە شاری مهاباد بۆ جارێکی دیکە و لە سەروبەندی ٢٢ی پوشپەڕی ئەمساڵ، ٣٤هەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور قاسملووی ڕێبەری بە دەستی دیپلۆمات – تێرۆریستەکانی تاران دا بۆ جارێکی دیکە "قاسملو، قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە" دڵی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری خستەوە لەرزە.
دوێنێ شەو لە کاتی ئەسپەردەکردنی تەرمی بێگیانی دوایین شەهیدی نیشتمان، شەهید پەیمان گەڵوانی کە دوای دەستبەسەرکردنی لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لێ ئەستێندرا، خەڵکی هەمیشە خاوەن هەڵوێستی شاری مهاباد، لە ناڕەزایەتییەکی جەماوەرییدا، وێڕای ڕیسواکردنی ڕێژیمی دژەکوردی کۆماری ئیسلامی، بۆ جارێکی دیکە درووشمی "قاسملوو، قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە"یان کردەوە بە درووشمی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانیان.
ئەوەیکە ئەم درووشمە چۆن و بە چ هۆکارگەلێک توانیویەتی دوای نزیک بە ٣٥ ساڵ لە تیرۆری شەهید دوکتور قاسملوو هەروا ببێتە تایتڵی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە کوردستان، ڕوون و ئاشکرایە. کەسایەتیی بەرزی شەهید دوکتور قاسملوو و ڕۆڵی هەرە کاریگەری لەسەر بزوووتنەوەی کوردستان و گوتاری بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات لە لایەک و، لە لایەکی دیکەوە جێگە و پێگەی بەرز و چەسپاوی حیزبی دێموکرات لە کۆمەڵگەی کوردستان بە هۆی سیاسەتە درووست و نەتەوەییەکانییەوە، دوو هۆکاری دیکەی بەردەوامبوون و بەزیندوویی مانەوەی درووشمی "قاسملوو، قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە"یە.هەڵبەت تیرۆری ناجوامێرانەی ئەم ڕیبەرە بلیمەت و لێوەشاوەیەی بزووتنەوەی کورد و سکرتێری حیزبی دێموکرات لە سەر مێزی وتوێژ، شوێنەواری خۆی لەسەر هەڵوێست و ڕەفتاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەجێهێشتووە.
ئەو نەسڵەی کە ئەمساڵ و ڕۆژانە لە شەقامەکانی کوردستان درووشمی "قاسملوو، قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە" دەڵێتەوە و لە سەر دیواری گوند و شارەکانی کوردستانی دەنووسنەوە و وێنەکانی شەهید قاسملوو بە ماڵاندا بڵاو دەکەنەوە و بە تابلۆکانەوەی دەچەسپێنن، نە دوکتور قاسملوویان بە چاوی خۆیان دیوە و نە هیچ بیرەوەرییەکیان لە لەگەڵ ئەم رێبەرە شەهیدە هەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەی بە خوێندنەوەی بیروئەندێشەکانی دوکتور قاسملوو تەژی لە هەست و شعوری نەتەوەیی و خەباتکارانە دەبن، بە کردەوەش دەبینن کە ئەو حیزبەی کە دوکتور قاسملوو ڕێبەرایەتیی دەکرد هەروا لە مەیدان دایە و درێژە بە ڕێبازی پڕ لە فیداکاری، خزمەت بە خاک و خەڵکی کوردستان و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی گەلدا دەدات.
تێکەڵبوونی درووشمی "قاسملوو، قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە" بە ئیرادەی مافخوازانەی جەماوەری سەرشەقامەکانی کوردستان، سەلماندنی ئیدیعای "زیندووبوونی قاسملوو لە ڕێبازیدا"یە. ڕێبازێک کە ٣٤ ساڵە داهێنەر و خوڵقێنەرەکەی بە جەستە لە نێو نەتەوە و حیزبەکەیدا نەماوە. ئەمە ئەگەر لە لایەک نیشانەی ڕاست و درووستیی بیرکردنەوە و خوێندنەوە و هەڵوێست و سیاسەتەکانی دوکتور قاسملووی شەهیدە، لە لایەکی دیکەوە نیشانەی هێز و پێگە و خوشەویستیی حیزبێکە کە دوای ٣٤ ساڵ لە نەمانی ڕێبەرە بیرمەندەکەی، توانیویەتی دوای کۆستی گرانی ئەو و جێگرە لێوەشاوەکەی(د. سادق شەرەفکەندی) بە بڕینی قۆناغگەڵێک پڕ لە هەوراز و نشێوی سەخت و دژوار، ئەو ڕێبازە – نەتەنیا بە زیندوویی ڕابگرێت – بەڵکوو دەوڵەمەند و بەڕۆژی بکاتەوە.
بەردەوامیی و بەرزکردنەوەی درووشمی "قاسملوو، قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە" ئەگەر لە لایەک بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مایەی دڵخۆشی و شانازیپێوەکردن بە پێگە و نفووزی مێژوویی و جەماوەریەتی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، لە لایەکی دیکەشەوە ئەرکپێئەسپاردن و متمانەپێکردنیەتی لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە کە وەک تا ئێستا پێی وەفادار ماوەتەوە، لە درێژەدان بە "ڕێبازی قاسملوو" و گرتنە پێشی نەخشە ڕێگای گونجاو لەگەڵ سەردەم و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان، بەردەوام بێت.