کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٦ هاووڵاتی کورد لە شارەکانی پیرانشار و شنۆ

10:20 - 20 پووشپەڕ 2723

٦ هاووڵاتی کورد لەلەیەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی پیرانشار و شنۆ دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسە مافی مڕۆییەکانی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی پووشپەڕ، دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی شۆڕش ئیبراهیمی و مامۆستا عومەر ئیبراهیمی، کەسایەتیی ئایینی لە کاتی پێشگیری هێزەکانی ڕێژیم لە بەڕێوەچوونی پرسە و سەرەخۆشی لوقمان ئاجی، ئەندامی حیزبی دێموکرات کە لەم دواییانەدا تێرۆرکرابوو، دەسبەسەرکران.

هاوەکات، هاووڵاتییەک بە ناوی یەعقووب فەتاحی و خەڵکی گوندی "بادیناوێ"ی پیرانشار لە ماڵەکەی خۆی و لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەسبەسەر کرا و هەروەها چەند کاتژمێر دواتریش هاووڵاتییەکی تر بە ناوی تەیب عەبدوڵڵاپوور و خەڵکی گوندی "شێناوێ"ی سەر بەو شارە لەلایەن ئەو هێزانەوە دەسبەسەر کراوە.


بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و بە شێوەیەکی دڕندانە دەسبەسەریان کردووە.

ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕی ئیدریس محەممەدی‌ئازەر، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "باوەلە"ی سەر بە شاری پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم  دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی دیکە گواستراوەتەوە.

هەروەها سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سلێمان شاروێرانی"، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی "سەیداوێ"ی شنۆ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و هەتا هیچ زانیارییەکی ورد  لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان لە بەردەستدا نییە.