٥ هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی مەهاباد و پیرانشار بەناوەکانی کەماڵ محەممەدپوور، جەماڵ بایزیدی و مامەند قوڕەیشی خەڵکی مەهاباد و هیوا دەرخۆر و ئیدریس نۆبەخت خەڵکی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری" ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، لە شاری مەهاباد جەماڵ بایزیدی، سەید مامەند قوڕەیشی و کەماڵ محەممەدپوور، بەڕێوەبەری کاناڵی "مەهاباد تەرحیم"، لەلایەن هێزەکان ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر کراون.
کەماڵ محەممەدپوور، بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامیی "مەهاباد تەرحیم" دوای ئەوەیکە بەبۆنەی ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی پەیمان گەڵوانی ئاگاداریی بڵاو کردەوە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هاوکات ئیدریس نۆبەخت و هیوا دەرخۆر، خەڵکی شاری پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لەو شارە دەسبەسەر کراون.
ئەو هاووڵاتییانە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵییان و هەروەها دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە.