ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەرابەر بە ١٣ی ژووئیەی ٢٠٢٣ی زایینی لە گۆڕستانی پێرلاشێز لە پاریس، یادی ٣٤ ساڵەی تێرۆرکردنی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێی شەهیدی عەبدوڵڵا قادری ئازەر لە ١٣٦٨ی هەتاوی، لە ڤییەن پێتەختی ئۆتریش لەلایەن بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی، بەڕێوە چوو.
بەرنامەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان دەستی پێ کرد.
پاشان ئەردەڵان عەبدوڵڵاهی وەک نوێنەری کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فەرانسە بەیاننامەی حیزبی دێموکراتی سەبارەت بەم ڕۆژە و ئەم بۆنەیە خوێندەوە و ئاماژە بە شۆڕشی ژینا و دەوری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم شۆڕشەدا، هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئێران، تێرۆری سێ ئەندامی حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان و هەروەها یادێک لە شەهید پەیمان گەڵوانی کرا کە لەژێر ئەشکەنجەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە بەندیخانەدا گیانی پاکی پێشکەشی گەل و نیشتمان کرد.
ئەلبۆرز ڕووئینتەن، وەک ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و باسی لە تێکۆشانی بێوچانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خۆڕاگری نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات بەرامبەر بە حکوومەتێکی تێروریست و خوێنڕێژ کرد.
لەمیانەی بەرنامەکەدا، نوێنەرانی حیزب و کۆمیتەکانی بەشداربووی حیزب، شاهۆ حوسێنی بەرپرسی پێوەندییەکانی ئێرانی و کوردستانیی حیزب، پرۆفسۆر کەنداڵ نەزان بەرپرسی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس، کاک خانە مامڵێ بەرپرسی ئەنجومەنی کوردان لە پاریس، نوێنەری حیزبی فەدائیانی خەلق و نوێنەری حیزبی چەپی ئێران و ئامادەبووانی تر کە لەم ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوون، تاجەگوڵینەیان لەسەر گۆڕی دوکتور قاسملوو و دانا.
دواتر پەرویز جەباری بە نوێنەرایەتی حیزب بەیاننامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە زمانی فارسی خوێندەوە و پەیامی ڕاستەوخۆی حیزبەکەمانی سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران و خۆڕاگری خەڵکەکەمان چ لە نێوخۆ و چ لە بارەگاکانمان لە باشوور بەگوێی ئامادەبووان و بەتایبەتتر ڕێژیمی تاران گەیاند.
لە کۆتایی ئەو ڕێوڕەسەمەدا ئامادەبووان بە دەستە گوڵەوە لەسەر گۆڕی خاتوو نەسرین قاسملوو هاوسەری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو ئامادەبوون و دواتر چوون بەرەو گڵکۆی شەهیدانی میکۆنۆس، دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی و بەدانانی تاجەگوڵینە ڕێز و وەفایان خۆیان پێشان دا و پەیمانیان لەگەڵ نوێ کردنەوە.