کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پارلمانی بریتانیا یادی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بەرز راگیرا

09:45 - 23 پووشپەڕ 2723

بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و عەبدوڵڵا قادری ئازەر، کۆڕێک لە پارلمانی بریتانیا بەڕێوە چوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی پووشپەر، کۆڕیک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی دوکتور قاسملوو و عەبدوڵڵا قادری ئازەر لە پارلمانی بریتانیا بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانی و ئێرانییەکان، بەڕێوە چوو.

سەرەتا گاری کێنت، کورتەیەکی لەمەڕ کۆبوونەوەکە و تیرۆری دوکتور قاسملوو و چۆنیەتی ئاشنایەتی خۆی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باس کرد و هەروەها خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بە گرینگی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزب لە ساڵی ڕابردوو دەربری.

دواتر ڕزگار ئالانی، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە بریتانیا، وێڕاێ بەخێرهێنانی بەشداربووان کورتەیەکی لەسەر مەبەستی کۆبوونەوەکە و وتاربێژانی کۆڕەکە باس کرد.

لەم کۆبوونەوەیەدا مادح ئەحمەدی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە نوێنەرایەتی لەلایەن حیزبەوە وتارێکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە وتارەکەیدا وێڕاێ ئاماژە بە تێرۆری دوکتور قاسملوو و سیاسەتە دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی وتی کە دوای زیاتر لە چوار دەیە کۆماری ئیسلامیی ویست و داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بە توندوتیژی وڵام دەداتەوە و لەمبارەدا ئاماژەی بە تیرۆری ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزب لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرد.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، یوسف عەزیزی بەنی تۆرۆف کەسایەتیی سیاسیی عەرەبی ئەهواز و ئیحسان قادر چالاکی سیاسیی باکووری کوردستان، ئاریاکۆ ڕەحیمی ئەندامی حیزب و ڕەحیم بەندوئی لە "حیزبی خەڵکی بەلوچستان "وتاریان پێشکەش کرد.

شایەنی باسە کە عوسمان بایدەمێرش لەسەر گەورەیی کاک دوکتور قاسملوو چەند خولەک قسەی کرد وتی : دوکتور قاسملوو تەنیا ڕێبەری حیزبی دێموکرات یا ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوو، بەڵکوو ئەو موڵکی هەموو کوردستان بوو.

لە میانەی کۆبوونەوەکەدا بۆ ڕێزگرتن لە یاد و ناوی دوکتور قاسملوو و نوێترین شەهیدانی حیزب و گەل لەسەر داوای گاری کێنت، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە چەند ساتێک بە بێدەنگی بە پێوە ڕاوەستان.